کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی لاوێکی کورد و بڵاوکردنەوەی بابەتی نەشیاو لە ئینستاگرامەکەی

10:40 - 1 رەزبەر 2725

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دوابەدوای دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بۆکان، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و بابەتی نەشیاوی تێدا بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی فەرزاد بەرجستە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

دواتر هێزەکانی ڕێژیم دەستان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کردووە کە بێڕێزی بە ڕێبەرانی کورد و هاوکات پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامییان تێدایە.

فەرزاد بەرجستە ڕۆژی ٣١ی خەرمانان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی ڕاگوێزراوە. ناوبراو ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کراوە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە .

بەپێی زانیارییەکان پاش ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم دەستیان بەسەر هەژماری ئینستاگرامی ناوبراودا گرتووە هەوڵیان داوە بە مەبەستی بێڕێزیکردن بە رێبەرانی کورد و بەتایبەت ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، بابەتی سووکانە لەم هەژمارەدا بڵاو بکەنەوە.

هەرچەند فەرزاد بەرجستە دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە بەڵام مۆبایلەکەی لەلای هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم ماوەتەوە و ئەوان درێژەیان بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی سووکانە لە ئینستاگرامەکەی داوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.