تام باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیە وتی، حیزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامی دوژمنی ئەمریکان. ناوبراو داوای بڕینی بوودجە و "بڕینی سەری ئەم مارانە"ی کرد.
باراک ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان بە ''سکای نیووز''ی عەرەبی ڕاگەیاند کە هەموو مانگێک لە شوێنێکەوە نزیکەی ٦٠ میلیۆن دۆلار بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەنێردرێت.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکاییە ڕەخنەی لە دەوڵەتی لوبنان گرت کە ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوەی لەدژی حیزبوڵڵا نەگرتووە و داوای ڕاگەیاندنی ڕوون و کردەوەی چەکداماڵینی ئەو گرووپەی کرد.
باراک، کە لە مانگی مەی ئەمساڵدا وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە دەستنیشان کرا، سەرکردایەتیی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوچەیی ئەمریکا دەکات کە پشتیوانی لە سووریەیەکی یەکگرتوو لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، دەکات.
وتەکانی ئەم دواییەی ناوبراو ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە شەرع ڕایگەیاند کە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا لە ناوچەکە کشاونەتەوە و دەشڵێت: ''جیهان لە بابەت سووریەوە کەمترخەمیی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانێت هاوکاری بکات.''
ئەحمەد شەرع ٣٠ خەرمانان، جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ، هەنگاوی گەورەی بەرەو سووریە هەڵگرتووە و وتیشی: ''لەگەڵیدا کۆ دەبمەوە و پەیوەندییەکانی نێوان سووریە و ئەمریکا تاوتوێ دەکەم''.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی عەرەبی ''ئیندیپێندنت'' ١٦ی خەرمانان بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماتیکەکان نووسیویەتی کە سووریە و ئیسرائیل بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنییەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانوستانی پێشکەوتوو ئەنجام دەدەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم ڕێککەوتنەدا دەمیشق پێبەند بەوە دەبێت ڕێگری لە بوونی کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە لەسەر خاکی سووریە بکات.