
کۆماری ئیسلامیی ئێران "ڕژە"ـی ساڵانەی هێزە چەکدارەکانی خۆی لە چەند پارێزگا بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە پووچەڵ کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، حوسێن زارع کەماڵی، فەرماندەی سپای پاسداران لە پارێزگای هەمەدان، ڕایگەیاند کە بەهۆی هەڕەشەکانەوە، ئەمساڵ لە حەفتەی ناسراو بە "دفاع موقەدەس"، ڕژەی هێزە چەکدارەکان لەم پارێزگایە بەڕێوە ناچێت.
جیا لە پارێزگای هەمەدان، لە چەند پارێزگای دیکەی کوردستان و ئێران، بڕیار دراوە هیچ ڕژەیەک لەم حەفتەدا کە یەکێکە لە هێماکانی کۆماری ئیسلامی، بەڕێوە نەچێت.
ڕژەی ساڵانەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە حەفتەی ناسراو بە "دفاع موقەدەس"، ساڵانە بە ئامادەکردنی جاددە و شەقامەکان، بۆ نیشاندانی هێز و هەروەها چاوترسێنکردنی زیاتری خەڵک لەنێو شارەکانی کوردستان و ئێراندا بەڕێوە دەچوو، بەڵام وێدەچێت ئەمساڵ ڕێژیم لە ترسی هێرشی لەناکاوی ئیسرائیل، بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمەی لە چەند پارێزگایەک پووچەڵ کردبێتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیم لە پارێزگای سنە بەرنامەی قەدەغەی هاتوچۆی کۆمەڵێک لە جاددە و شەقامەکانی پارێزگای بەهۆی بەڕێوەبردنی ڕژەی هێزە چەکدارەکان ڕاگەیاندبوو، بەڵام دواتر فەرماندەی سپای "بەیتولموقەدەس"ـی ڕێژیم لە سنە، باسی لە هەڵوەشانەوەی ڕێوڕەسمی ڕژە لە هەموو شارەکانی ئەم پارێزگایە کردبوو.
ئەمانە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە، بەردەوام هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کردووە کە ئەگەر جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، لەگەڵ وڵامێکی بەپەلە و بەهێز بەرەوڕوو دەبێتەوە.
جیا لە پووچەڵکردنەوەی ڕێوڕەسمی نیشاندانی هێزە چەکدارەکان، بەشێکی زۆر لە فەرماندە و کەسایەتییە گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە ماوەی ڕابردوودا و لە ترسی هێرشی ئیسرائیل، کەمتر لە هەموو کاتێکی دیکە دەرکەوتوون و خۆیان لە شوێنە ئەمنەکاندا حەشار داوە.