
ڕێکەوتی ۳۰ خەرمانانی ١٤٠٤، کاک محەممەد بەهادۆران کوڕی عەبدولڕەحمان خەڵکی گوندی گەڵاز سەر بە شاری شنۆ لە ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆدا گیانی لەدەست دا.
کاک محەممەد برای شەهیدی فەرماندە، باقی بەهادۆران و ئامۆزای شەهیدی فەرماندە سەروان حاتەم دوعاخوان بوو و لە دوای دەستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکەڵبوونی بنەماڵەکەی بە ڕیزەکانی شۆڕش، هەموو کات وەک مرۆڤێکی زەحمەتکێشی نیشتمانپەروەر لەگەڵ شۆڕش و هاوپشتی شۆڕش بوو.
لەو پێناوەدا زۆر چەرمەسەری بینی و ئازار درا، بەڵام هیچکام لە هەڕەشە و دهستگیرکران و بانگکردنەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم چۆکیان پێدا نەدا. تەنانەت شەهیدبوونی براکەی واتە کاک باقی کە هێشتاش خەڵکی ناوچەکە بە بیرەوەرییەکانی وەک تێکشکاندنی گوردانی زێرێهی قەزوێن و عەمەلیاتی گرتنەوەی شاری ورمێ دەیناسنەوە و شەهیدبوونی کاک سەروان حاتەم، نەیانتوانی کاک محەممەد لەو ڕێبازە سارد بکەنەوە کە گرتوویەتە بەر.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.