
بەردەوامیی بەکارهێنانی سەرەڕۆیانە سەرچاوە ئاوییەکان، دەشتە بەپیتەکانی کرماشانی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون و ئەمە بژێوی وەرزێرانی خستووەتە مەترسییەوە.
تەهماسب نەجەفی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری گەشەپێدانی پارێزگای کرماشان لە کۆبوونەوەی کارگرووپی خۆگونجاندن لەگەڵ کەم ئاویی پارێزگاکەدا وتی: سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی لە سەرەتای دەیەی پەنجاوە بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە و وشکەساڵییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو ئەم ڕەوتەیان خێراتر کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامبوونی بەکارهێنانی سەرەڕۆیانە و نەبوونی چاودێریی کاریگەر، زۆرترین زیان بە وەرزێڕان دەگەیەنێت.
نەجەفی هۆشداری دا و وتی: بیرە بێ مۆڵەتەکان و بەکارهێنانی زۆری بیرە ڕێگەپێدراوەکان، دۆخی دەشتەکان و ڕۆچوونی زەوییەکانی خراپتر کردووە.
نەجەفی هاوشێوەی بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم، بچووکترین ئاماژەی بە ناکارامەیی خۆی و سیاسەتە ئاوییەکانی رێژیم، تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی کرماشان لەلایەن ڕێژیم و پرتووکاویی تۆڕەکانی دابینکردنی ئاو نەکردووە و وەک هەمیشە وەرزێڕان و وشکەساڵییەکانی ئەم دواییەی وەک هۆکاری قەیرانی ئێستا باس کردووە.
پێشتر کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی ڕایگەیاندبوو کە ١٧ دەشت لە ٢٣ دەشتی پارێزگای کرماشان بە هۆی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو و پرتووکانی تۆڕەکانی دابینکردنی ئاو لە بارودۆخێکی ناجێگیردان.
بەردەوامیی ئەم ڕەوتە مەترسیی لەناوچوونی ئاوە ژێرزەوییەکان و چڕبوونەوەی ڕۆچوونی بەدواوە دەبێت؛ پرسێک کە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژێرخانی شار و گوندەکانی کرماشانیش دەبێت.