
سامان فەقێ نەبی
دوای گەیشتنی شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی بۆ سووریە و دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات، ماوەی پتر لە یەک دەیەیە کە گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان تەمرینی حوکمڕانی دەکا و لە ڕوانگەی بەشێکی بەرچاو لە چاودێرانی سیاسیی بیانییەوە، ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی کورد سەرەڕای لەمپەر و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی، مۆدێلێکی سەرکەوتوو بووە.
دەستەبەرکردنی یەکسانیی ژن و پیاو لە ڕەهەندەکانی سیاسی، کارگێڕی و تەنانەت سەربازییەوە، لای وڵاتانی دێموکراتیکی ڕۆژاواییەوە، جێگای پێزانین بووە و ڕۆڵی شەرڤانانی کوردیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزم لە ئاستی جیهاندا بە هەند وەرگیراوە.
حوکمڕانیی کوردی لەژێر ناوی"بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە" بە دامەزراندنی مەجلیسی سووریەی دێموکراتیک بۆ کاروباری سیاسی و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایش و هەروەها هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک (هەسەدە) بۆ کاروباری نیزامی، توانیویەتی لە بواری کارگێڕی و ئەمنییەوە ئیدارەی ئەو پارچەیەی کوردستان بکات و بە بەراوەرد لەگەڵ باقیی ناوچەکانی سووریە، ئارامی و ئاوەدانی بۆ دانیشتووانی دابین بکات.
بە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی تاقمە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە بەشێکیان لە خانەی گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکانەوە هەژمار دەکرێن، بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ بارودۆخێکی نوێ بەرەوڕوو بۆتەوە، کە هەم دەکرێ وەک دەرفەت سەیر بکرێ و هەمیش وەک هەڕەشە و مەترسی خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
حاشاهەڵنەگرە کە ئەو هێزانەی کە هەنووکە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع لە دیمەشق بە شێوەی کاتی دەسەڵاتیان قۆرخ کردوە، لە ڕابردوودا کارنامەیەکی ڕەشیان لە بواری مرۆڤییەوە تۆمار کردوە و ئێستاکەش وا پێدەچێت کە بە کوشتاری سیستماتیکی کەمینەکانی ئەو وڵاتە، وەک عەلەوی و دەروزییەکان هەمان ڕێچکەیان گرتۆتەوە بەر.
لەو هەلومەرجە نوێیەدا، پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، پاش بەستنی "کۆنفڕانسی هاوهەڵوێستیی کوردی"، لە ڕێگای پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دیمەشق، لە هەوڵی ئەوە دان کە بە یەکگرتوویی و یەکگوتارییەوە لە دیمەشق دەرکەون.
داننان بە جۆرێک لە فێدرالیزم، مانەوەی (هەسەدە) وەک بەشێک لە سپای نیشتمانیی سووریە، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی کەمینەکان لە دەستووری وڵاتی سووریە، گرنگترین داخوازییەکانی کۆمیتەی هاوبەشی کوردی لە دیمەشقن، کە هێشتا جێی مشتومڕە.
ڕوونە کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، وڵاتی سووریە بەسەر سێ ناوچەدا دابەش بوو؛ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع کە هێژموونی تورکیەی بەسەرەوەیە، باشووری سووریە کە دەروزییەکان تێیدا نیشتەجێن و لەژێر هێژموونی ئیسڕائیل دایە و ناوچەکانی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر کە زۆرینەی خاکی ڕۆژاوای کوردستانی لەخۆ گرتووە.
بێگومان چۆنییەتیی کایەی سیاسی هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە نێوان ململانێ و ڕەکابەریی تورکیە و ئیسڕائیل و هەروەها پێکهاتنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە کەمینەکانی وڵاتی سووریە وەک عەلەوی، دەروزی و مەسیحییەکان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە گەیشتنی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بە مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانیدا دەبێ.
لەلایەکی دیکەشەوە وڵاتانی عەرەبی وەک عەرەبستان، ئیمارات و میسر، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هێژموونی تورکیە لە سووریە، لە بەرژەوەندییان دایە کە کورد لە ڕۆژاوا بەهێز بمێنێتەوە و لە ڕوانگەی وڵاتانی ئورووپاییش، کورد و بەڕێوەبەریی خۆسەر وەک گەرانتییەک بۆ پێشگرتن لە زاڵبوون بناژۆخوازیی ئیسلامی لە سووریەدا پێناسە دەکرێ و لە داهاتووشدا لەسەر مانەوەی ئەو قەوارەیە پێداگری دەکەن.
بەگشتی دەتوانین بڵێین کە دەرفەتەکانی بەردەم ڕۆژاوای کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکان، زۆر زیاترن کە بە دەرایەت و وشیاریی ڕێبەران و بژاردەی سیاسیی کورد لەو پارچەیە، دەکرێ بقۆزرێنەوە.