
عەلی خامنەیی سێشەممە یەکی ڕەزبەر لە لێدوانێکی تلویزیۆنیدا وتی: کۆماری ئیسلامی پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕاناگرێت؛ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ قازانجێکی بۆ ئێران نییە و تەنیا زیانی قەرەبوونەکراوی بەدواوە دەبێ.
ناوبراو ئاستی پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی بە پێویست زانی و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ملکەچی گوشارەکان نابێ.
ناوبراو ڕایگەیاند ڕێژیم بڕیارێکی بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی نییە؛ ئیدعایەک کە لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە گومانی لەسەرە.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە داواکارییە نێونەتەوەییەکان بۆ ڕاگرتنی پیتاندن وتی: نەتەوەی ئێران لە دەمی ئەو کەسە دەدات کە ئەم قسەی کردبێ.
خامنەیی سەرەڕای ئەوەی کە دان بە خەسارە قورسەکاندا ناوە، هێشتا باس لە درێژەی بەرنامەی ناوکی دەکات.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای بە "زیانێکی قەرەبوونەکراو" ناو برد و ئیدعای کرد کە وتووێژ لەگەڵ واشنگتۆن تەنیا بە "سەپاندنی داخوازییەکان" کۆتایی پێ دێت.
ناوبراو قەبووڵکردنی ئەم جۆرە دانوستانەی بە مانای ترس و تەسلیمبوون زانی و ڕایگەیاند کە ئاسەوارەکانی بێکۆتایی دەبن.
خامنەیی جارێکی دیکە لە باسی لە "پیلانی دوژمن" بۆ ڕووخانی ڕێژیم کرد و دانی بەوەدا نا کە دژبەرانی کۆماری ئیسلاامی لە نێوخۆ، خەریکی چالاکین.
ئەم لێدوانانەی خامنەیی لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ لە لێدوانی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانی ژمارە یەکی تێرۆریزم ناو برد و هۆشداری دا کە ئێران هەرگیز نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە پێش شەڕ لە نامەیەکدا بۆ خامنەیی، پێشنیاری ڕاگرتنی گەمارۆکانی لە بەرامبەر هەڵپەساردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم داوە بەڵام وڵامی تارانم هەڕەشە و درێژەدانی بەرنامەی ناوکی بووە.