
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، لە هەشتایەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکەیدا، جارێکی دیکە ئێرانی بە "گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان" وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو وڵاتە هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
سەرکۆماری ئەمریکا وتی: ''هەڵوێستی من زۆر سادەیە: گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا نابێت ئیزنی هەبێت مەترسیدارترین چەکی لەبەر دەستدا بێت.''
ترامپ ڕوونی کردەوە کە لە یەکەم ڕۆژەکانی خولی دووەمی سەرۆککۆماریدا نامەیەکی بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ناردووە و تیایدا "پێشنیارێکی دڵفراوانی هاوکاری تەواو"ی لە بەرامبەر ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران خستووەتە ڕوو.
بە وتەی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی ئەم پێشنیارەی قەبووڵ نەکرد و لە وڵامدانەوە بە هەڕەشە لە دراوسێکانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوام بوو".
ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد و ئیدعای ئەوەی کرد: ''ئێستا هیچکام لە فەرماندە نیزامییەکانی ئێران لە ژیاندا نین.''
ناوبراو وتی: "ئێمە ١٤ بۆمبمان هاویشتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە هەر یەکەیان ٣٠ هەزار تۆن بوو و توانای پیتاندنی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەمان لەنێو برد".
ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارە کۆتایی بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا. هەروەها ڕایگەیاند ئامریکا بۆ ئەوەی ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەست هەڵبگرێت لە زۆرترین گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت.