
سەرەڕای زۆربوونی توانای بەهەمهێنانی ساڵانەی سێ ملیۆن تۆن بەرهەمی وەرزیڕی، لاوازی بەڕێوەبەری و کەمبوونەوەی بارینەکان، کەرتی وەرزێڕیی لوڕستانی تووشی قەیرانێکی بێوێنە کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە خەسارێکی ١٠ هەزار میلیارد تمەنی بەر وەرزیڕانی ئەم پارێزگایە بکەوێ.
بەشی وەرزێڕیی لوڕستان بە ٧٩٣ هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی ساڵانە سێ میلیۆن تۆن بەرهەمی وەرزێڕی، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری پارێزگاکەیە، بەم حاڵەوە ٧٧ لەسەدی بەرهەمەکانی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ٢٣ لەسەد زەوییە ئاوییەکانەوە هەیە و کەمبوونی بارینەکان هەتا ٤٠ لەسەد بە بەروارد لەگەڵ نێوجی درێژماوە، قەیرانێکی جێددی لێ کەوتووەتەوە.
نامدار سەیادی، بەرپرسی ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزیی لوڕستان، ڕایگەیاندووە کە بەشی گەنمی پارێزگاکە لەگەڵ کەمیی بەرهەمهێنان بەرەوڕوو بووەتەوە و خەساری ئەم بەرهەمە بە تەنیا خۆی ٤.٥ هەزار میلیارد تمەن بووە.
کۆی خەسارەکان لە هەموو بەشەکانی وەرزێڕیی لوڕستان بە ١٠ هەزار میلیارد خەمڵێندراوە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە جێبەجێکردنی بیمەی وەرزیڕی تەنیا بەشێکی بچووک لە خەسارەکان قەرەبوو دەکاتەوە و وەرزێڕان هێشتا لە مەترسیی خەساری گەورەتردان.
سەرەڕای وادە و بەڵینییەکانی سەیادی سەبارەت بە گەشەی گوڵخانەکان، تەیارکردنی ٥٨ هەزار هێکتار زەوی بە سیستەمی نوێی ئاودێران، کارناسان هۆشدارییان داوە کە لاوازیی بەرێوەبەریی سەرچاوە ئاوییەکان و جێبەجێکردنی ناتەواوی شێوەی کشتوکاڵ، قەیرانەکەی قووڵتر کردووە.
پێویستیی زۆری پارێزگاکە بە کوود و تۆو درێژەی هەیە و بەڕێوەبەریی نادروستی سەرچاوەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە توانانی باڵای بەرهەمهێنان و جۆراوجۆریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لوڕستان بکەونە بەر تەوژمی لەناوچوونەوە.
ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە وشکەساڵی تەنیا هۆکاری سروشتیی قەیرانەکە نییە، بەڵکوو لاوازیی بەڕێوەبەری و سیاسەتە ناسەقامگیرەکان لە کەرتی وەرزێڕی، پشکێکی گەورەیان لە ئاڵۆزیی کەرتی وەرزێڕیی ئەم پارێزگایەدا هەیە.