کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی حەفتانەی زیندانییان لە ٥٢ زیندانی ئێران

11:58 - 2 رەزبەر 2725

کەمپەینی سێشەممەکانی "نا بۆ لەسێدارەدان" و مانگرتنی حەفتانەی زیندانییان چووەتە ناو ٨٧ـەمین حەفتەی خۆیەوە؛ کەمپەینێک کە لە ٥٢ زیندانی جیاوازدا بەردەوامە.

لە بەیاننامەی ئەم کەمپەینەدا هاتووە: ''حکوومەتێک کە لەلایەک بەڵێنی "لێبوردنی" زیندانییەکان دەدات، لەلایەکی دیکەوە بە زیادکردنی ژمارەی لەسێدارەدانەکان هەموو حەفتەیەک، هەقیقەتی تاڵ و نامرۆڤانەی خۆی نیشان دەدات.''

ئەم کەمپەینە بە ئاماژەدان بە سەرەتای ساڵی خوێندن جەختی لە ڕۆڵی مامۆستایان و خوێندکارانی وشیار لە بەرەکانی پێشەوەی خەبات کردەوە و وتوویەتی: ''لاو و گەنجانی ئێران کابووسی ئەم ڕێژیمەن و لە هەموو قوتابخانە و زانکۆیەکدا چالاکانێک ڕاوەستاون بۆ ئەوەی ئەو ناوەندانە بکەنە بنکەی خۆڕاگری و دەنگێک بن لە دژی حوکمی لەسێدارەدانی نامرۆڤانە.''

لە ٢٥ی خەرمانانەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٤٦ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمار کراوە کە ئەم ڕێژەیە دوو ژن و شەش هاووڵاتیی بەلووچ لەخۆ دەگرێت. تەنیا لە مانگی خەرماناندا، ١٨٦ کەس بە هۆی لەسێدارەدان گیانیان لەدەست داوە کە حەوت کەسیان ژن بوون.