
هەردی سەلیمی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین دەوڵەتی تر فەلەستینیان بەفەرمی ناسی. ئێستا پتر لە ١٥٠ دەوڵەتی دنیا وڵاتی فەلەستین بەفەرمی دەناسن. لەم نێوەدا هەوڵی دوو دەوڵەتی بریتانیا و فەڕانسە وەک دوو ئەندامی هەمیشەییی شۆرای ئەمنیەت بۆ بەفەرمیناسینی فەلەستین سەرنجێکی زیاتری چووە سەر، چون لە ئێستادا لەو پێنج ئەندامەی شۆرای ئەمنیەت لەم بارەوە، ئەمریکا بەتەنیا ماوەتەوە؛ هەرچەند ئەمریکا مافی ڤێتۆکردنی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش دەسکەوتێکی گرنگە بۆ خەڵکی فەلەستین.
زۆربەی کارناسانی سیاسی پێیانوایە ئەم هەوڵانەی وا لەم دوایییانەدا لەلایەن چەند دەوڵەتەوە دراوە، زیاتر لایەنی سەمبولیکی هەیە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند بەم هەوڵەیان دەیانهەوێ "چرای هیوای ڕێگەچارەی دوودەوڵەتی بەهەڵکراوی بهێڵنەوە"، واتە ئەمە دەسپێکیک بێ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتی و دواتریش وتووێژ و چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل. "ئیمانۆئێل ماکرۆن"، سەرۆککۆماری فەڕانسەیش لەدوای ئەوەی وڵاتەکەی، فەلەستینی بەفەرمی ناسیی، وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند دانی مافی خەڵکی فەلەستین بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی مافەکانی ئیسرائیل نییە، لە هەمان کاتیشدا وتی: "هیچ شتێک ناتوانێ پاساو بۆ ئەو شەڕەی ئێستای غەززە بێنێتەوە."
هەر لەم بارەوە "ئانتۆنیۆ گۆترێش"، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ ئەوەی هۆشداری بە دەوڵەتی ئیسرائیل دا کە کۆتایی بە شارەکسازی و داگیرکارییەکانی بێنێ، ڕاشیگەیاند "وڵاتی فەلەستین مافە، نەک خەڵاتی". جیا لە هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ئێستادا ڕای گشتیی جیهان لەدژی ئیسرائیل و هەوڵەکانیەتی. "نەتانیاهۆ" حەوتووی پێشوو دانی بەوەدا نا کەوا ئیسرائیل بەتەواوی بەرەو تەریککەوتن دەچێ، لەگەڵ ئەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشنای بۆ ئەو دۆخەی وڵاتەکەی تێکەوتووە دۆزیوەتەوە کە ئەویش بریتییە لە درێژەدان بەو سیاسەتانەی وا پێشتر گرتوویەتە پێش، بەڵام ناتوانێ حاشا لەوە بکات، لە ئاستی نێونەتەوەییدا تووشی ئیزۆلەبوون بووە.
ڕوون نییە ئەم هەوڵە سەمبولیکانە تا چ ڕادەیەک دەتوانن یارمەتی بە دۆزی خەڵکی فەلەستین بکەن، بەڵام لە ئێستادا هەر نەبێ بتوانێ ئەو شەڕە ڕەشەکوژییە ڕابگرێ، دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی فەلەستین و تەنانەت هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییش. ئینکار و حاشای ماف، هەمیشە ڕێگە بە کردەوەی توندئاژۆیانە دەدات، گەر ئیسرائیل بەڕاستی بیهەوێ ئەم کێشەیە ببڕێتەوە، ئەوە چارەیەکی نییە جگە لەوەی لەجیات هاژەک، وشە و وتووێژ بەکار بێنێت.
ئەوەی لەم نێوەدا بۆ ئێمە گرنگە جیا لە چارەنووسی هەزاران کەس لە خەڵکی شەڕلێدراوی فەلەستینی، ئەوەیە کە هێشتا لە دنیای ئەمڕۆدا مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەفەرمیناسینی نەتەوە بێدەوڵەتەکان دەتوانێ سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێ ئەم دانپێدانان و سەرنجانە بە کاناڵی شەڕ و وێرانیدا تێپەڕ ببێت؟!
لە پتر لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە کەوا سنوورەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی زۆرەملێ و ناڕەوا داتاشراون، ئەم کێشە و شەڕ و نەهامەتییانە بەردەوام بوون و هەتا چارەسەرێکی بنەڕەتییش بۆ بەشخوراوان نەبینرێتەوە، ئاسۆی گەیشتن بە ئاسایش لەم ناوچەدا هەروا دوورەدەست دەبێ. ئەم کێشانەی ئێستا هەیە بە کێشە و پرسی نەتەوەی کوردیشەوە، بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئەوکاتی بریتانیا و فەڕانسە وەک براوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و درێژەدانیان بەو سیاسەتانە. لە ئێستادا کە ئەم دەوڵەتانە باس لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەفەرمیناسینی وڵاتێک دەکەن، دەبێ بۆ ئێمەی کوردیش جێی خۆشحاڵی بێت، چون ئێمە یەکێک لە سەرەکیترین زەرەرمەندانی سیاسەتی ئەوکاتی ئەوانین.
نەتەوەی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی قوربانییەکی زۆری داوە و هێشتاش لەم ڕێیەدا بەردەوامە. ئەوەی بووەتە هۆی بەردەوامیی ئەم کێشە و خەباتانە، هەمان دابەشکردنی نازانستییانە و لەوانەشە بەئەنقەستانە بێت کە پێشتر ڕووی داوە، لەگەڵ ئەوەش ئێستاشی لەگەڵدا بێ هیچکام لە دەوڵەتانی زلهێز و تاوانبار لەم پێوەندییەدا ئاوڕێکی جددییان لەم بابەتە نەداوەتەوە. بۆیە ئێمە وەک نەتەوەیەکی بەشخوراو و مافخوراو، وەک پرەنسیپێکیش بووبێ دەبێ بە خۆشحاڵی و چاوی هیواوە بڕوانینە ئەم هاوکێشانە، لەگەڵ ئەوەشدا بە چارەسەربوونی کێشەی فەلەستین – لێرەدا دەبێ جەخت بکرێتەوە لەسەر چارەسەربوونی کێشەکە نەک پووشبەسەرکردنی، کێشەیەکی بەرچاو و گرنگی تر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەمێنێتەوە، ئەویش کێشە و پرسی نەتەوەی کوردە. ئەمجار پرسی کورد سەرنجەکان بۆ خۆی ڕادەکێشێ، کە پێویستە لە ئێستاوە و بەتایبەت لە دیاسپۆرا کاری زۆر جددیتر و لێبڕاوانەتری بۆ بکرێ.
دەبێ هیوادار بین و هەوڵیش بدەین چارەسەری کێشەکانی نەتەوەکەمان بە کەمترین تێچوو و قوربانیدان بە ئاکام بگات و هەموو ڕای گشتیی جیهان بێنینە سەر ئەو قەناعەتەی کە گەر لە ئێستادا بەئاشکرا کۆمەڵکوژ ناکرێین بەواتای نەبوونی کێشە نییە، پێویست ناکات هیچ نەتەوەیەک و کۆمەڵێکی مرۆیی بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتایی و سەرەکییەکانی خۆی، حەتمەن لە خوێنا بگەوزێ هەتا سەرنجەکان و یارمەتییەکان و دانپێدانانەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.