کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی سۆسیالیستی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد

17:03 - 12 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بە سەرپەرستیی بەڕێز بایرام بۆزیەل، سەرۆکی ئەو حیزبە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە سەرپەرستیی کاک محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پێوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزب، پێشوازیان لێ کرا.

لەم دیدارەدا تاوتوێی دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە بە تایبەتی پێوەندیدار بە ئێران و تورکیە کرا و لەژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانە و گۆڕینی هاوکێشەکاندا، پرسی کورد وەک فاکتەرێکی بەهێز لە هەر کام لە پارچەکان بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە باسیان لێوە کرا کە دەرەتان و دەرفەتی نوێی باشی بۆ کورد هێناوەتە ئاراوە.

لەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر پرسی ئاشتی و پرسی چارەسەریی کورد لە تورکیە کە ئێستا لە ڕۆژەڤدایە و پێشهات و بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی لەو پێوەندییەدا تاوتوێ کران و بە گرینگییەوە باسی لێوە کرا کە ئەگەر نییەت و ئیرادەیەکی جیددی بۆ چارەسەری ئەو پرسە لەلایەنی دەوڵەتەوە بە تایبەتی لە بواری یاسایی و پێداچوونەوەی دەستوورەوە هەبێ، دەتوانێ بە ئاکامی دڵخوازی هەموو لایەک بگات و ئاشتی، دێموکراسی و سەقامگیری وەدی بێنێ. 

لەو دیدارەدا، جەخت لەسەر بەردەوامیی پێوەندیی دۆستانە و هاوکاری و هاواهەنگیی زیاتری هەر دوو لایەن کرا.