
شیکارییەکی "ئاڵتوسێر"ییانە بۆ خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات
شارۆخ حەسەنزادە
پێشەکی: بۆچی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ئێران، سەرەڕای زیاتر لە سەدەیەک خەبات و قوربانیدان، هێشتا بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی نەگەیشتوه؟ ئەم وتارە ئەم بۆچوونە زەق دەکاتەوە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، تێوەگلان لە "شەڕی ئایدیۆلۆژیاکان"دا بە شێوەیەکی ناڕێک بووە. بە بەکارهێنانی چوارچێوەی ڕامان و تیۆریی "لویی ئاڵتوسێر"، باس لەوە دەکەین، لەکاتێکدا ڕێژیمی دەسەڵاتدار ئایدیۆلۆژیایەکی تۆتالیتەر بۆ سەرکوت بەکار دەهێنێت، بزووتنەوەی کوردیش هێندێک جار کەوتۆتە داوی دۆگماتیزمی ئایدیۆلۆژیی نێوخۆییەوە. ڕێگەچارە، نکۆڵیکردن و ڕەتکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا نیە، چونکە وەک ئاڵتوسێر دەڵێت: "ئەمە کارێکی مەحاڵە، بەڵکوو چارە، دامەزراندن و بەکارهێنانی "ئایدیۆلۆژیایەکی ئاوەزمەندانە"یە؛ واتە چوارچێوەیەکی هزری؛ وەک ئامرازێکی ستراتێژی و نەرم بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان بەکار بهێنرێت.
بنەما تیۆرییەکان؛ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئایدیۆلۆژیا بە ڕوانینی لویی ئاڵتوسێر
وشەی ئایدیۆلۆژیا (ideologie) یەکەمجار لە دەورووپشتی ساڵی ١٧٩٦ لە فەڕەنسا لە لایەن فەیلەسووفێک بە ناوی "دێستۆت دۆ تراسی" بە واتای "زانستی ئایدیاکان" داهێنرا. بەڵام ئەم واتایە زۆر زوو لە لایەن "ناپلیۆن بۆناپارت"ەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات؛ ئەو ئەم وشەیەی بە شێوەیەکی سووکایەتی پێکردن بە ئاماژەدان بەو ڕۆشنبیرانەی دژبەری بوون و بە دابڕاو لە واقیعی دەزانین، بەکار هێنا. لە کۆتاییدا، "کارڵ مارکس" لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا واتای ڕەخنەگرانە و مۆدێڕنی بەم چەمکە بەخشی و ئایدیۆلۆژیای وەک "وشیاریی چەواشە" پێناسە کرد؛ واتە بیروبۆچوونەکانی چینی دەسەڵاتدار کە بۆ پاساودانەوەی باڵادەستیی خۆیان و شاردنەوەی چەوساندنەوە بەکار دەهێنرێت. بەشێوەیەکی گشتی، پێناسە و ڕوانگەی جیاواز سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی لەم وتارەدا بۆ ئێمە گرنگیی بنەمایی هەیە، چوارچێوەی تیۆریی لویی ئاڵتوسێرە.
بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی جوان گۆڕەپانی ئاڵۆزی ململانێی ئایدیۆلۆژی لە کوردستانی ئێران شی بکەینەوە، پێویستە لە پێناسە ساکار و باوەکانی ئایدیۆلۆژیا (وەک کۆمەڵێک بیروباوەڕی سیاسی) تێپەڕین. چوارچێوەی تیۆریی "لویی ئاڵتوسێر"(١)، فەیلەسووفی مارکسیستی فەڕەنسی، ئامرازی چەمکی و بەهێزمان بۆ توێکاریکردنی چینە شاراوەکانی دەستەڵات و بەرگری پێ دەبەخشێت. ئەو، ئایدیۆلۆژیا نەک وەک "وشیاریی چەواشە"، بەڵکوو وەک پێکهاتەیەکی گشتگیر و پێویست دەبینێت کە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ جیهاندا پێک دەبەستێتەوە. لەم بەشەدا سەرەتا، باس لە تەتەڵەی چوار چەمکی سەرەکیی تیۆرییەکەی دەکەین کە بۆ شیکارییەکەی ئێمە پێویستن.
١. دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان لە بەرانبەر دەزگا سەرکوتکارەکاندا
ئاڵتوسێر پێی وایە هیچ حکوومەتێک ناتوانێت تەنیا بە پشتبەستن بە زەبروزەنگ دەستەڵاتی هەبێت. مانەوەی هەموو حکوومەتێک بەندە بە تێکەڵەیەک لە سەرکوت و قایلکردن. ئەو ئەم دوو کارکردە لە چوارچێوەی دوو دەزگای جیاوازدا ئاوابەندی دەکات و دایدەڕێژێت:
. دەزگای سەرکوتکاری دەوڵەت: ئەم دەزگایە ئەو دامەزراوانە لەخۆ دەگرێت کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی توندوتیژی یان هەڕەشەی توندوتیژییەوە چالاکی دەکەن: سپا، پۆلیس، دادگاکان و زیندانەکان. ئەرکی ئەم دەزگایە، سەپاندنی باڵادەستیی جەستەیی و سڕینەوەی فیزیکیی نەیارانە.
. دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت: ئەم دەزگایانە بریتییە لە: دامەزراوەی بە ڕواڵەت ناسیاسی و پەرشووبڵاو، وەک: سیستەمی پەروەردە، بنەماڵە، دامەزراوە ئۆلی (ئایینی)یەکان، مێدیاکان، حیزبە سیاسییەکان و ناوەندە کولتوورییەکان. ئەرکی سەرەکیی ئەم دەزگایانە سەرکوت نیە، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی ئایدیۆلۆژیای باڵادەستە لە ڕێگەی قایلکردن و شێوەپێدانی بیروباوەڕەکانەوە.
شاکلیلی شیکارییەکەی ئاڵتوسێردا ئەوەیە کە حکوومەتێکی سەقامگیر، حکوومەتێکە کەمتر پشت بە دەزگا سەرکوتکارەکان و زیاتر پشت بە دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی ببەستێت. باڵادەستیی ڕاستەقینە کاتێک دێتە دی کە خەڵک، بایەخ و نۆرمەکانی چینی دەسەڵاتدار وەک شتێکی "ئاسایی" و "سەلمێندراو" قبووڵ بکەن و بە شێوەیەکی خۆویستانە پەیڕەویی لێبکەن. ئەم جیاکارییە بۆ تێگەیشتن لە ستراتێژیی دوو لایەنەی حکوومەتی ئێران لە کوردستاندا پێویستە: لە لایەکەوە، ئامادەبوونی قورسی هێزی نیزامی و ئەمنییەتیی دەزگا سەرکوتکارەکان و لە لایەکی دیکەشەوە، هەوڵی بێوچانی بۆ تواندنەوەی کولتووری (ئاسیمیلاسیۆن) لە ڕێگەی قوتابخانە و مێدیاکانەوە یان هەمان دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان.
٢. بانگهێشتن؛ ئایدیۆلۆژیا چۆن ئێمە دەکات بە "سووژە"؟
ئەمە یەکێک لە داهێنەرانەترین چەمکەکانی ئاڵتوسێرە. ئەو دەپرسێت: میکانیزمی ئایدیۆلۆژیا چۆن لەسەر ئاستی تاکەکەسی کار دەکات؟ وڵامەکەی "بانگهێشتن"ە. ئایدیۆلۆژیا "بانگی" تاکەکان دەکات و دەیانکات بە سووژە (Subject). میناکە نەریتییەکەی، هاواری پۆلیسێکە لە شەقامدا: "هۆی، تۆ!" ئەو کەسەی ئاوڕ دەداتەوە، لە هەمان چرکەدا خۆی وەک "سووژەی بەردەنگ" دەناسێتەوە و هاوکات، دان بە دەسەڵات و هێزی ئەو پۆلیسەشدا دەنێت.
ئەم پرۆسەیەی بانگهێشتنە، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە و بەشێوەیەکی بەردەوام لە لایەن دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانەوە بەڕێوە چووە. خێزان وەک "کوڕ" یان "کچ"، قوتابخانە وەک "قوتابی"، ئایین وەک "بڕوادار" و دەوڵەت وەک "هاونیشتمانی" بانگهێشتمان دەکات. ئێمە قبووڵی ئەم شوناس و ناسنامانەیە دەکەین و بە بەشێکی ئاسایی و سروشتی لە بوونی خۆمان دەزانین، غافڵ لەوەی ئەم شوناسە، ئێمە لە نێو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاراییدا جێگیر دەکات. ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە منداڵێکی کورد چۆن لە لایەن سیستەمی پەروەردەی ئێرانەوە بانگهێشت دەکرێت، تاکوو خۆی لە پلەی یەکەمدا وەک "ئێرانییەک" (بە پێناسەی ناوەندگەرا) بناسێتەوە و چۆن بزووتنەوەکانی کوردیش لە هەوڵی "دژە-بانگهێشتن"ێکدا، هەمان منداڵ وەک "سووژەیەکی نەتەوەیی کورد" بانگهێشت دەکەن.
٣. بوونی ماددیی ئایدیۆلۆژیا؛ ئایدیۆلۆژیا تەنیا "ئایدیا" نیە
بەپێچەوانەی تێڕوانینی باو، ئاڵتوسێر جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئایدیۆلۆژیا لە زەینی تاکەکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو "بوونی ماددی"ی هەیە. ئەم بوونە ماددییە لە سێ ئاستدا شایەنی وێناکردنە:
. لە دەزگاکاندا: قوتابخانەیەک یان تۆڕێکی تەلەڤیزیۆنی، بوونێکی فیزیکی و ڕێکخراوەییە کە ئایدیۆلۆژیا بەرهەم دەهێنێت.
. لە کردار و ئاکارەکاندا: بیروباوەڕەکانی تاکێک لە ڕێگەی کردارەکانیەوە مانا پەیدا دەکات. باوەڕبوون بە ئایینێک، لە کردەی نزا یان نوێژکردندا دەردەکەوێت.
. لە ڕێوڕەسم و بۆنەکاندا: ئەو کاروچالاکییانەی بەشێوەی بەکۆمەڵ و دووپاتە بەڕێوە دەچن، وەک ڕێوڕەسمی بەیانیانی قوتابخانەکان، جەژنە نیشتمانییەکان یان ڕێوڕەسمە ئایینییەکان، بەهێزترین ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوەی ماددیی ئایدیۆلۆژیان.
ئەم تێڕوانینە یارمەتیمان دەدات هەتا ململانێی ئایدیۆلۆژی لە کوردستان نەک وەک "شەڕی بیرۆکەکان"، بەڵکوو وەک "شەڕ لەسەر کردار و هێماکان" ببینین. سووربوونی حکوومەت لەسەر بەڕێوەبردنی جەژنە فەرمییەکان لە بەرانبەر سوور بوونی خەڵک لەسەر بەڕێوەبردنی پڕشکۆی ڕێوڕەسمی نەورۆز، یان گۆڕینی ناوی شوێنە جوگرافییەکان لە کوردییەوە بۆ فارسی، وێنەیەکی ئەم شەڕەن لە گۆڕەپانی ماددیاتدا.
٤. جیاوازیی زانست و ئایدیۆلۆژیا؛ ئامرازێک بۆ ڕزگاری
ئەم جیاوازییە، کلیلی سەرەکییە بۆ داڕشتنی ئامانجە کۆتاییەکەی ئێمە. لە ڕوانگەی ئاڵتوسێرەوە: ئایدیۆلۆژیا پەیوەندییەکی "زیندوو" و زۆربەی کات نائاگاهانەی لەگەڵ جیهاندا هەیە. ئایدیۆلۆژیا بۆ کارکردنی کۆمەڵگە پێویستە و ئێمە "هەمیشە-پێشتر" لە ناو ئەوداین. کەواتە خۆدزینەوە و دەربازبوون لە ئایدیۆلۆژیا ئەستەمە. زانست (کە بۆ ئاڵتوسێر، وێنە بەرزەکەی مارکسیزم یان ماتریالیزمی مێژوویی بوو) هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە "ناسینەوەی بابەتییانە" لە واقیع و میکانیزمەکانی. زانست دەتوانێت لە دەرەوە ڕا بڕوانێتە ئایدیۆلۆژیا و شێوازی کارکردنی بۆ شاردنەوەی پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی هێز ئاشکرا بکات.
ئەم جیاوازییە بەو مانایە نیە، کە دەتوانین ئایدیۆلۆژیا وەلا بنێین و لە جیهانێکی "زانستی"دا بژین. بەڵکوو بەو مانایەیە کە دەتوانین بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی شیکاریی ئاوەزمەندانە و زانستی، لە ئایدیۆلۆژیای خۆمان تێبگەین و ئاگادار ببینەوە، ڕەخنەی لێبگرین و لە پێکهاتەیەکی دۆگمایی و کوێرانەوە بیکەین بە ئامرازێکی ئاگاهانە بۆ کرداری سیاسی. ئەمە ڕێک ئەو بنەمایەیە کە ئێمە چەمکی "ئایدیۆلۆژیای ئاوەزمەندانە"ی لەسەر ڕۆدەنێین: ئایدیۆلۆژیایەک کە لەبڕی نکۆڵی و حاشا، بەردەوام خۆی دەخاتە بەر ڕەخنەی ئاوەزمەندانە و عەقڵانی.
گۆڕەپانی ململانێی ئایدیۆلۆژیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لەم بەشەدا، ئێمە چەمکەکانی ئاڵتوسێر وەک ئامرازێک بۆ توێکاریکردنی گۆڕەپانی ململانێی ئایدیۆلۆژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار دەهێنین. ئەم ململانێیە لە دوو بەرەی سەرەکیدا بەڕێوە دەچێت(دەرەکی و ناوخۆیی): بەرەی دەرەکی، واتە خەبات دژی ئایدیۆلۆژیای هێژموونێکی دەستەڵاتی ناوەندیی و، بەرەی نێوخۆیی، واتە ڕەکابەری و هێندێک جار ناکۆکیی نێوان ئایدیۆلۆژیاکانی ناوخودی بزووتنەوەی کوردی.
١. ئایدیۆلۆژیای هێژموونێکی "ئەوی دی": شیعەگەری-پانفارسیزم لە کردەوەدا
حکوومەتی ئێران بە مەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی و بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستیی خۆی، کەلک لە ئایدیۆلۆژیایەکی تێکەڵاو و بەهێز وەردەگرێت کە دەتوانین ناوی بنێین "شیعەگەری-پانفارسیزم"(٢). ئەم ئایدیۆلۆژیایە لە ڕێگەی هەر دوو دەزگاکەی دەوڵەت، واتە سەرکوتکار و ئایدیۆلۆژییەوە، بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پلان بۆ داڕێژراو جێبەجێ دەکرێت.
. سەپاندنی باڵادەستی لە ڕێگەی دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانەوە
. سیستەمی پەروەردە: قوتابخانە گرنگترین دەزگای ئایدیۆلۆژییە بۆ "بانگهێشتکردنی" منداڵانی کورد. لە ڕێگەی قەدەغەکردنی سیستەماتیکی زمانی کوردی و سەپاندنی زمانی فارسییەوە. منداڵی کورد وا تێدەگەیەنرێت کە زمانی دایکیی بۆ فێربوون و پێشکەوتن ناتەواوە. کتێبەکانی مێژوو، گێڕانەوەیەکی ناوەندگەرا و فارستەوەر لە مێژووی ئێران لەخۆ دەگرن کە تێیدا، مێژوو، کولتوور و کەسایەتییەکانی کورد یان بە تەواوەتی بێدەنگ و ونن یان وەک بەشێکی پەراوێزخراوی "گشتی ئێرانی" پێناسە دەکرێن. لەم پرۆسەیەدا، قوتابیی کورد وەک "سووژەیەکی ئێرانی" بانگهێشت دەکرێت کە شوناسە نیشتمانییەکەی لە پێش ناسنامە نەتەوەییەکەیتی.
. مێدیا گشتییەکان: مێدیا فەرمییەکان، ئایدیۆلۆژیای باڵادەست لەسەر ئاستی جەماوەری بەرهەم دەهێننەوە. ئەوان بە نیشاندانی وێنەیەکی کلیشەیی لە کوردەکان (وەک سنوورنشینانی ئازا، خاوەنی کولتووری خۆجێیی سەرنجڕاکێش و...)، ناسنامەی سیاسی و داخوازییە نەتەوەییەکانیان پەراوێز دەخەن. هاوکات، هەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی یان مەدەنیی کوردی، خێرا بە لکاندنی تاوان و ناتۆرەی ئەمنی وەک "جیاییخوازی"، "سەر بە بێگانە" و "تێرۆریزم" بێبایەخ دەکرێت. لکاندنی ئەم ناووناتۆرە ئامانجدارانە، بیروڕای گشتیی غەیرە کورد بۆ قبووڵکردنی سەرکوت ئامادە دەکات.
. دامەزراوەی ئایینی فەرمی: بە بڵاوکردنەوەی خوێندنەوەیەکی فەرمی لە شیعەگەری وەک بڕبڕەی پشتی ناسنامەی نیشتمانی و بەکارهێنانی گوتاری "ئوممەتی یەکگرتووی ئیسلامی"، هەر جۆرە جەختکردنەوەیەک لەسەر شوناسی نەتەوەیی کوردی وەک هۆکارێکی "دووبەرەکیخوازانە" و هەڕەشەیەک لەسەر یەکیەتیی ئایینیی موسڵمانان دادەنرێت. ئەم پرسە بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی فرە ئایینی بوونی بەشێکی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵات، کەلێنێکی ئایینی دەخاتە سەر قەڵشتە نەتەوەییەکەوە.
. تەواوکردنی باڵادەستی لە ڕێگەی دەزگای سەرکوتکارەوە: کاتێک دەزگا ئایدیۆلۆژییەکان لە بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی و ملکەچیی بە تەواوەتی دەدۆڕێنن، دەزگای سەرکوتکار دێتە مەیدان. ئامادە بوونی ڕادەی زۆر و بەربڵاوی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان، دەستبەسەرکردن و ڕەشبگیری چالاکانی مەدەنی، سیاسی، ژینگەیی، ئەدەبی، زمانی، ژنان، کرێکاران، فەرهەنگییان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، دەرکەوتەی ڕوونی کارکردی دەزگای سەرکوتکارە. بەڵام خاڵە سەرەکییەکەی ئاڵتوسێر لێرەدایە؛ ئەم توندوتیژییە فیزیکییە، هەمووکات لە لایەن ئەو ئایدیایە کە لە ناوەندە ئایدیۆلۆژییەکاندا بەرهەم هاتووە "پاساو"ـی بۆ دەهێنرێتەوە، چەواشە دەکرێت و بەلاڕێدا دەبرێت. چالاکێکی کورد بە هۆکاری "بەرگری لە زمانی دایک" دەسبەسەر ناکرێت، بەڵکوو بە تۆمەتی "هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" دەگیرێ. تێکۆشەرێکی سیاسی لەبەر "هەبوونی بیروباوەڕی سیاسیی جیاواز" لەسێدارە نادرێت، بەڵکوو بە تۆمەتی "شەڕکردن لەگەڵ خودا" (محاربة) پێناسە دەکرێت. بەم شێوەیە، توندوتیژیی فیزیکیی دەزگای سەرکوتکار، وەک بەرگرییەکی ڕەوا لە بەها ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت، ئاوابەندی دەکرێت.
ئایدیۆلۆژیا وەک گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆیی
لە وڵامی گریمانە سەرەتاییەکەی ئەم وتارەدا، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێ، کێشەی بزووتنەوەی سیاسی کورد، هەبوونی ئایدیۆلۆژیا نەبووە، بەڵکوو شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا بووە. بزووتنەوەی کورد لە هەمبەر بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) و "بانگهێشتن"ی دەوڵەتی ناوەندی، ناچار بووە "دژە-ئایدیۆلۆژیا"یەک بەرهەم بنێت و "دژە-بانگهێشتن"ێک دابنێ هەتا بتوانێت کۆمەڵگە ڕێک بخات و مانا بە خەبات ببەخشێت. بەڵام ئەم پرۆسەیە بەرەو شەڕی ناوخۆیی چوو! لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی خەباتی گەلی کورد لەو جوگرافیایەی کە بە ناوی ئێران دەناسرێت، ئایدیۆلۆژیا لە "ئامرازێک"ەوە بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکان، وەک "ئامانج"ی کۆتایی پێناسە کرا. ڕەکابەرییەکان لە نێوان حیزبە خاوەن ئایدیۆلۆژیا ڕەقیب یان نەیارەکان (بۆ میناک ناسیۆنالیزم لە بەرامبەر سۆسیالیزم، یان خوێندنەوە جیاوازەکان لە مارکسیزم) بووە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری وزەی بزووتنەوەکە، بۆ سەلماندنی ڕەوایی ئایدیۆلۆژیی خۆی و نکۆڵیکردنی ئەوانی تر تەرخان بکرێ. ڕژد بوون لەسەر پۆختیی ئایدیۆلۆژی و پەیڕەویکردنی دەمارگرژانەی ئەو مۆدێلانەی کە زۆرجار بۆ کۆمەڵگەکانی تر داڕێژرابوون، بوونە لەمپەر بۆ سازکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو و کردارگەرا. ئەم دۆگماتیزمە لە نەشیاوترین شێوەی خۆیدا، پێکدادانی نیزامی ناوخۆیی لێکەوتەوە (لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورد بە "براکوژی" ناودەبرێت). ئەم شەڕ و پێکدادانانە نەک هەر بوونە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان پێشمەرگە و کادری سیاسی، بەڵکوو بوونە برینێکی ناسۆر لەسەر جەستەی متمانەی کۆمەڵایەتی و هیوای خەڵک بە سەرکردایەتیی سیاسی لاواز بوو و باشترین دەرفەتیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ناوەندی ڕەخساند، هەتا سیاسەتی "دووبەرەکی بنێ و حکوومەت بکە" جێبەجێ بکەن. تەرکیزکردنی لە ڕادەبەدەر لەسەر باسە تیۆری و ئایدیۆلۆژییەکان، هێندێک جار دەبووە هۆی دروستبوونی کەلێن لە نێوان چینی دەستەبژێر و سیاسییەکان و خەڵک لەگەڵ یەکتر. لەکاتێکدا خەڵک لەتەک پرسەکانی ڕۆژ، قەیرانە جۆربەجۆرەکان، سەرکوت و چەوساندنەوەی چڕیی حکوومەتی بەرەوڕوو دەبوونەوە، بەشێک لە وزەی ڕێبەرانی سیاسی بۆ کێشە ناوخۆییەکان و باڵ باڵێن و لەتبوون تەرخان دەکرا، کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو.
کەوابوو، شیکردنهوهی بهرهی ناوخۆیی دهردهخەری ئەوەیەکە چۆن ئایدۆلۆژیا، کاتێک بهشێوهیهکی دەمارگرژانەی ویشک و پاوانخوازانه بهکار دههێنرێت، دهتوانێت له چهکێکی ڕزگاریدەرەوە ببێته تەنافێک و بزووتنهوهیهک بخنکێنێت. ئهم خەسارناسییه، بەستێن بۆ بەرسڤی بهشی داهاتوو خۆش دهکات: چۆن دهکرێ لهم داوە ڕزگار ببین و ئایدۆلۆژیا بکهینه ئامرازێکی عهقڵانی بۆ ڕزگاری؟
ڕێگای دهرچوون؛ گواستنهوه له دۆگماییهوه بۆ ئایدۆلۆژیای ئاوەزمەند
دوای تەتەڵەی گۆڕهپانی شەڕیی ئایدۆلۆژی و تێگەیشتن لە دەوری وێرانکهری ئایدۆلۆژیای دهسهڵاتدار له لایهک و، خەسار و زیانهکانی دەمارگرژی له ناو بزووتنهوهی کورد له لایهکی ترهوه، بەرەو پرسیاری سهرهکی ئهم وتاره دەچین: ڕێگای دهرچوون چییه؟ ههر وهک له چوارچێوهی ڕامانەی ئاڵتوسهردا بینیمان، ڕزگار بوون له ئایدۆلۆژیا خەون و خەیاڵە. ئێمهی مرۆڤ بۆ مانا بهخشین به جیهان و کردهوهی بهکۆمهڵ، ناچارین پهنا بۆ چوارچێوه فکرییهکان بهرین. کهواته، چارهسهر، نهک له نکۆڵیکردنی ئایدۆلۆژیا، بهڵکوو له گۆڕانکارییهکی بنهڕهتی و هەنگاونان له ڕوانگهیهکی ویشک و دەمارگرژانە بهرهو ڕوانگهیهکی لۆژیکی و ئاوەزمەندانەیە.
ئایدۆلۆژیای دۆگمایی (Dogmatic Ideology) چییه؟
ئایدۆلۆژیای دۆگمایی یان ویشک و دەمارگرژانە که ههم ڕێژیمی دهسهڵاتدار نوێنهرایهتی دهکات و ههمژی له قۆناغه جیاوازهکاندا بزووتنهوهی کوردی بهلاڕێدا بردوه، خاوهنی ئهم تایبهتمهندیانهی خوارهوهیه:
سیستمێکی داخراوە: خۆی وەک کۆمهڵێک ڕاستی ڕەها و ههتاههتایی دهزانێت و ههر جۆره پرسیارکردنێک یان پێداچوونهوهیهک به لادان یان خیانهت پێناسە دەکات.
واقیع لەگهڵ تیۆریدا دهگونجێنێت: له جیاتی ئهوهی تیۆرییهکهی بهپێی واقیعه گۆڕاوهکان چاک بکاتهوه، ههوڵ دهدات واقیعی ئاڵۆز بخاته ناو قاڵبه پێشتر دیاریکراوهکانی تیۆرییهکهیهوه.
ئامرازی دووبهرهکییه: شوناسی سیاسی نهک لهسهر بنهمای ئامانجه هاوبهشهکان، بهڵکوو لهسهر بنهمای ئاستی وهفاداری به دۆکترين پێناسه دهکات. ئهم ڕوانگهیه بهشێوهیهکی بەربڵاو دهبێته هۆی عەشیرەگهری، سڕینهوهی جیابیران و شهڕ و کێشەی ناوخۆیی.
ئامانج کۆتاییه: لهم ڕوانگهیهدا، خودی ئایدۆلۆژیا و پاراستنی دهبێته ئامانجی سهرهکی، تهنانهت ئهگهر ئهمه به بههای لهدهستدانی ئامانجه ڕاستهقینهکانی خهبات واته ئازادی و مافی خهڵکیش بێت.
ئایدیۆلۆژیای عەقڵانی (Rational Ideology) چییە؟
لە بەرانبەر ڕێبازی دۆگماییدا، دەتوانرێت "ئایدیۆلۆژیایەکی ئاوەزمەندانە" خۆیا بکەیت. ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ لە جیاکارییەکەی ئاڵتوسێر لە نێوان "ئایدیۆلۆژیا" (وەک پەیوەندی زیندوو) و "زانست" (وەک شیکاریی بابەتییانە) وەرگیراوە. ئایدیۆلۆژیای عەقڵانی، ئایدیۆلۆژیایەکە بە ئاگاییەوە خۆی دەخاتە بەر ڕەخنە و شیکاریی ئاوەزمەندانە و هەروەها:
. سیستەمێکی کراوە و دینامیکە: خۆی وەک کتێبێکی پیرۆز نابینێت، بەڵکوو وەک "نەخشەڕێگا"یەک دەزانێت؛ ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیاریکراو (دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافە نەتەوەییەکان) داناوە و پێویستە بەپێی بارودۆخی ڕێگاکە، بەردەوام نوێ بکرێتەوە.
. لە شیکاریی بابەتییانەوە سەرچاوە دەگرێت: لە بڕی پشتبەستن بە دۆگماکان بۆ داڕشتنی ستراتێژییەکانی، کەلک لە دەستکەوتەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، شیکارییە سیاسییەکان، داتا ئابوورییەکان و ئەزموونە مێژووییەکان وەردەگرێت. ئەم ڕێبازە، کردارگەرایی (پڕاگماتیزم) دەکاتە جێگرەوەی دەمارگیری.
. ئامراز یەکیەتییە: شوناسی سیاسی لەسەر تەوەری ئامانج و بەها هاوبەشەکان پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەیەدا، لیبڕاڵێک، سۆسیالیستێک یان هەر تاکێکی دێموکراتی دیکە کە بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد خەبات دەکات، "خودی" و هاوپەیمانە، نەک ڕەکابەرێکی ئایدیۆلۆژی کە دەبێ لە ناو بچێت.
. ئامرازە، نەک ئامانج: ئامانجی کۆتایی، سەرکەوتنی "ئیزم"ێکی تایبەت نیە، بەڵکوو وەدیهێنانی ئازادی و تەناهییە بۆ خەڵک. ئایدیۆلۆژیا، هەر وەک حیزبە سیاسییەکان کە جۆرێکن لە ئایدیۆلۆژیا، تەنیا ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و ئەگەر لە شوێنێکدا بێکاریگەریی سەلمێندرا، دەبێ بەبێ سڵەمێنەوە لە تۆمەتگەلی وەک؛ "خیانەت"، چاکسازیی تێدا بکرێت یان تەنانەت بگۆڕدرێت. ڕێک هەمان ئەو پێویستی و پێشمەرجەی د.قاسملوو لە "کورتەباس"دا باسی کردوە و بوێرانە سنووربەندی خۆی لەگەڵ سۆسیالیزمی مەوجوود دەربڕیوە.
دەرەنجامە کردارییەکانی ئەم گواستنەوەیە
گرتنەبەری ڕێبازێکی عەقڵانی بەرانبەر ئایدیۆلۆژیا، دەرەنجامی کرداریی ڕاستەوخۆی بۆ بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ؛ کاری لە پێشینە لە سەلماندنی ڕەوایەتیی ئایدیۆلۆژییەوە بۆ دروستکردنی "بەرەیەکی یەکگرتوو" بۆ خەباتی هاوبەش دەگۆڕێت. بزووتنەوەکە دەتوانێت بەرنامە و ستراتێژییەکانی خۆی بەپێی گۆڕانکارییە خێراکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و جیهان، بەخێرایی بگونجێنێت، بەبێ ئەوەی دیلی تیۆرییە کۆنەکان بێت. هەروەها بە دوورکەوتنەوە لە باسە دەرهەست و ئەبستراکتەکان و تەرکیزکردن لەسەر ئامانجە هەست پێکراوەکان، دەرفەتی دروستکردنی پەیوەندیی زۆرتر لەگەڵ نەوەی نوێ، چالاکانی مەدەنی، ژنان، ژینگەپارێزان و بەشەکانی تری کۆمەڵگە دەڕەخسێت.
لە کۆتاییدا، گواستنەوە لە دۆگماتیزمەوە بۆ ئاوەزمەندی، وەرچەرخانێکی پارادایمییە. ئەم گواستنەوەیە بە مانای وازهێنان لە بیروباوەڕ و ئامانجەکان نیە، بەڵکوو بە مانای گۆڕینی ئەو بیروباوەڕانەیە لە "تەنافێک"ەوە کە دەست و پێی بزووتنەوەکە دەبەستێت، بۆ کلیلێکی ئاگاهانە و کارا بۆ کردنەوەی دەرگاکانی ئازادی.
بەپێی ئەم ڕاڤەیە دەرکەوت، شکستەکان نەک بەهۆی بوونی ئایدیۆلۆژیاوە، بەڵکوو بەهۆی کەوتنە داوی ئایدیۆلۆژیای دۆگماییەوە بووە؛ ئایدیۆلۆژیایەک کە دەبێتە سیستەمێکی داخراو، تۆتالیتەر و دووبەرەکیخواز و لە کۆتاییدا، لە بڕی ئەوەی ئامرازی ڕزگاری بێت، دەبێتە مەتاڵ و لەمپەرێک لە بەردەمیدا. ڕێگەی دەرچوون، نکۆڵیکردن لە ئایدیۆلۆژیا نیە، بەڵکوو گواستنەوەیەکی ئاگاهانەیە بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی عەقڵانی. ئەم گواستنەوەیە، گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بیرو هزردا.
ئایدیۆلۆژیای ئاوەزمەندانە، خۆی نەک وەک ڕاستییەکی ڕەها و هەرماو، بەڵکوو وەک ئامراز و نەخشەڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو وەک ئازادی، دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکان دەبینێت. ئەم ڕێبازە لە جیاتیی ئەوەی واقیع لە چوارچێوە تیۆرییەکانی خۆیدا زیندانی بکات، کەلک لە شیکاریی ئاوەزمەندانە و ڕەخنەگرانەی واقیع (هەمان چەمکی "زانست" لای ئاڵتوسێر) وەردەگرێت بە مەبەستی چاکسازی و نوێکردنەوەی بەردەوامی خۆی. لەم چوارچێوەیەدا، پڕاگماتیزم و نەرمی نواندن جێگەی دەمارگیری ویشک و تۆخ دەگرێتەوە و یەکیەتیی کردار لەسەر ئامانجە هاوبەشەکان، لە پێش پۆختیی ئایدیۆلۆژییەوە دادەنرێت.
جێبەجێکردنی ئەم گواستنەوەیە لە ناو فەزای سیاسیی کوردستاندا، پێویستی بە پەروەردەکردنی "کولتووری ڕەخنەوە هەیە. لە کولتوورێکی وادا، ڕۆڵی ئێلیت و دەستەبژێرەکان، ڕووناکبیران و ئەکادیمییەکان و هونەرمەندان، تەنیا پاساودانەوە و پڕوپاگەندەکردن بۆ هێڵی حیزبی نیە، بەڵکوو وەک ویژدانی ڕەخنەگرانەی بزووتنەوەکە دەوری کارایان دەبێ. هونەر و ئەدەبیات، بە جێگای ئەوەی بۆ ئاستی نزمی ئامرازی پڕوپاگەندە دابەزن، دەبنە دەرفەتێک بۆ بەربەرەکانێی هزرە چەقبەستووەکان، نیشاندانی ئاڵۆزییە مرۆییەکان و دوورکەوتنەوە لە گێڕانەوە دۆگماییەکان. ئەم پرۆسەیە، بزووتنەوەکە لە بەرانبەر گەورەترین مەترسی، واتە بوون بە وێنەیەک لە هەمان ئەو ڕێژیمە سەرکوتکارەی کە خەبات دژی دەکات، ڤاکسینە دەکات و ئایدیۆلۆژیا لە زنجیرێکەوە دەکات بە کلیلێک بۆ ڕزگاری.
ئاکام: شیکاریی ئاڵتوسێری پێمان دەڵێ؛ خەبات بۆ ڕزگاری، هەمیشە خەباتێکی ئایدیۆلۆژییە. ژێرکەوتن لە ڕابردوودا نەک بەهۆی "هەبوونی ئایدیۆلۆژیا"وە، بەڵکوو بەهۆی "کەوتنە داوی ئایدیۆلۆژیای دۆگمایی"یەوە بووە. داهاتووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێراندا بەندە بە وەرچەرخانێکی پارادایمییەوە: گواستنەوە لە ئایدیۆلۆژیا وەک "بت"ێک کە دەبێت بپەرەسترێت، بۆ ئایدیۆلۆژیا وەک "نەخشە"یەک کە دەبێت بەشێوەیەکی ئاوەزمەندانە و ڕەخنەگرانە و بەڕۆژ بۆ گەیشتن بە ئازادی کەلکی لێوەربگیرێت.
***
١. Louis Pierre Althusser-1918-1990
٢. ئایدیۆلۆژیای ڕێژیمی پاشایەتی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی دێرینگەرا (بە تەوەرێتی ئاریایی) و مۆدێڕنیزاسیۆنی ناوەندگەرا دامەزرابوو. خاڵی هاوبەشی هەردوو ڕێژیم کە بووە هۆی تێڕوانینی وەک یەک بۆ نەتەوەکان، پرۆژەی دەوڵەت-نەتەوەی تاکشوناس و ناوەندگەرا بوو. ڕێژیمی پەهلەوی، شوناسی "ئێرانی" لە چوارچێوەی هاونیشتمانییەکی سێکولار و فارسیزماندا پێناسە دەکرد، کە شانازیی بە مێژووی ئێرانی دێرینەوە دەکرد(کە خۆی دایتاشیبوو) و کۆماری ئیسلامیش شوناسی "ئێرانی" لە چوارچێوەی هاونیشتمانییەکی موسڵمانی شیعە و فارسیزماندا پێناسە دەکات. لە هەردوو ڕوانگەکەدا، شوناسی سەربەخۆی کوردی (و نەتەوەکانی تر) وەک "هەڕەشەیەک" بۆ ئەم پرۆژەی یەکسانسازییە نەتەوەییە و یەکپارچەیی خاک سەیر دەکرا و سەرکوت دەکرا. لەم نێوەدا، تەنیا پاساوی ئایدیۆلۆژیی سەرکوتکردنەکە لە "پاراستنی مۆدێڕنیتە و یەکیەتیی نەتەوەیی"یەوە بۆ "پاراستنی ئیسلام و یەکیەتیی ئوممەت" گۆڕاوە.