کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە بەندکران سزا دران

12:29 - 2 رەزبەر 2725

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم دوو هاووڵاتیی خەکی مەهابادی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" سەرجەم بە ٨ مانگ بەندکران سزا دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی عەلی دانشی و سامرەند وجوودی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەم شارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" هەرکام بە ٤ مانگ بەندکران سزا دران.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، پاش ئامادەبوون لە جێژنێکی هاوسەرگیری لە شاری بۆکان بە پۆششی "جلوبەرگی خاکی و جامانە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

پێویستە بوترێ کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئومید ڕەش خەڵکی گوندی "کۆسەکەرێز" و سرووش یووسفزادە خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە هەر کام بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراون.