کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی کوشتنەکان لە ئێران؛ جێبەجێکرانی زیاتر لە هەزار سزای سێدارە لە کەمتر لە ٩ مانگدا

12:35 - 2 رەزبەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای مانگی ژانویە هەتا ٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢٥، واتە کەمتر لە ٩ مانگ، لانیکەم هەزار حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێراندا جێبەجێ کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم لە خەرمانانی ئەمساڵدا لانیکەم ١٧٨ کەس و سەرجەم لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە، لانیکەم ١٠٠٠ کەسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە داوە.

ئەم ئامارە بەرزترین ئاستی لەسێدارەدان لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودایە و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەم کارە ڕێکۆردێکی نوێ بۆ خۆی تۆمار دەکات.

ڕێکخراوی ماف مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە حەفتەی ڕابردوودا، ٦٤ سێدارە تۆمار کراون و نێونجی سێدارەدانەکان لەم ماوەیەوە لانیکەم ٩ کەس لە ڕۆژێکدا بووە.

لە نێوان لەسێدارەدراواندا، ٥٠ لەسەد بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر، ٤٣ لەسەد بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، ٣ لەسەد بە تۆمەتی موحاربە و افساد فی الارض، ٣ لەسەد بەهۆی دەستدرێژی و یەک لەسەد بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون.

تەنیا ١١ لەسەدی لەسێدارەدانەکان لەلایەن میدیا فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراون و بەشێکی زۆریان بە شێوەی نهێنی و بە بێ ئاگاداریی ڕای گشتی جێبەجێ کراون.

ڕێکخراوی ماف مرۆڤی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەم شەپۆلی لەسێدارەدانە، بەکارهێنانی توندوتیژیی سیستماتیک بۆ دروستکردنی ترسی گشتی و سەرکوتی دژبەرانە.

زۆربەی سزاکان پاش دادگاییکردنی کورت خایەن لە دادگاکانی ئینقلاب، بە بێ ڕەچاوکردنی پێڕاگەیشتنی دادوەپەورەرانە، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پشتبەستن بە دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجە دەر کراون.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سێدارەدانەکانی ئەم دواییانەی بە کوشتنی بەربڵاو ناو برد و جەختی کردەوە کە ئەم سێدارەدانانە نیشانەی ئاشکرای جینایرت دژی مرۆڤایەتین.

ڕێکخراوی ماف مرۆڤی ئێران داوای لە لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئەم سێدارەدانانە لە ڕوانگەی هاوتاکردن لەگەڵ بڕگە ٧ی ئەساسنامەی ڕۆم و نموونەکانی جینایەت دژی مرۆڤایەتی لێک بدەنەوە و کۆمەڵگەی جیهانی بۆ وەستاندنی ئەم ڕەوتە هەنگاو هەڵ بگرێ.