کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی سیفا: مامۆستایانی ئێران لە بەرەکانی بەرخۆدانی دژ بە سیاسەتی پەروەردەیی ڕێژیمن

16:17 - 2 رەزبەر 2725

دامەزراوەی سیفا، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لە ئێران، دۆخی سیستمی پەروەردەی ئێرانی بە قەیراناوی و لەژێر دەسەڵاتی ئیدۆلۆژیی فەرمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا وەسف کرد.

ئەم دامەزراوەیە کە داکۆکی لە مافی مامۆستایان و قوتابییان دەکات، جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیستمی پەروەردەیی ئێران لەسەر بنەمای زانست و ئازادی بیرکردنەوە نییە، بەڵکوو لەسەر سەرکوتکردن و سەپاندنی ئیدۆلۆژی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیاسەتی هەڵاواردنە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە کۆمەڵگە دێموکراتیکەکاندا مامۆستایان و پەروەردەکاران وەک پایەی سەرەکیی چاندنی وشیاری و دادپەروەری دەناسرێن، بەڵام لە ئێراندا ڕێژیم هەوڵی ئەوە دەدات کە بیانکاتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی زاڵبوون و کۆیلایەتیی دەروونیی نەوەکانی داهاتوو.

دامەزراوەی سیفا زیادی کردووە، مامۆستایان ڕووبەڕووی سووککرانی پێگەی کۆمەڵایەتی و پێشێلکردنی مافی سێنفی و کەمیی حەقدەست و هەروەها هەڕەشە و سەرکوتکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان دەبنەوە و ڕۆڵیان بە جێگای ڕۆشنبیری و وشیاریدان بۆ ڕۆڵی جێبەجێکاری ئیدئۆلۆژی سنووردار بووەتەوە.