کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەرنامە مووشەکییەکەی خۆی بە خێرایی نۆژەن دەکاتەوە

10:54 - 3 رەزبەر 2725

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی ئاڵۆزییەکان لەسەر بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ئێران و لە بەرەبەری چالاککردنەوەی مێکانزمی ماشە، هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" باسی لە نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئێراندا کردووە.

هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر بە پشتبەستن بە وێنە ماهوارەییەکان ڕاپۆرتی داوە کە کۆماری ئیسلامی خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوەندانەی بەرهەمهێنانی مووشەکە کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا کرانە ئامانج.

ئەم هەواڵدەرییە نووسیویەتی نۆژەنکردنەوەی توانای مووشەکی بۆ تاران زۆر گرینگە، چونکە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی شیمانەی ئەوە دەکەن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا خولێکی نوێ لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ بکاتەوە.

مووشەکەکان وەکوو یەکێک لە کەرەستە بەرگێڕەوەکانی ئێران پاش لەناوچوونی بەرچاوی سیستەمی پەدافەندی کار دەکەن، سیستەمگەلێک کە بەرپرسانی ڕێژیم جەختیان کردووەتەوە کە هەرگیز وەکوو پرسی سەرەکی لە دانوستانەکانی ڕۆژاوادا چاوی لێ ناکرێت.

کارناسانی بواری مووشەک دەڵێن، دەستڕاگەیشتن بە میکسێرەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ڕەق بەتایبەت لە بەرەبەری گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی بەرنامەی مووشەکیی ئێران، ئامانجی سەرەکیی تارانە.

ئەم ڕاپۆرتە دەڵێ کە ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕابردوو، ئەگەری هەیە کە هەندێ لە کەرەستە و مەتریاڵەکانی پێوندیدار بە سووتەمەنیی مووشەک لە چین بکڕێ.

وێنە ماهوارەییەکانی ئەم مانگە نیشانیان داوە کە بنکەکانی پارچین و شاهروود کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا وێران ببوون، خەریکە دروست دەکرێنەوە.

ئاسۆشەیتێدپرێس لە زاری هزرگەی یەهوودیی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکاوە نووسیویەتی کە ئێران لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ٥٧٤ مووشەکی بالستیکی بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە و پێشتریش ٢٣٠ مووشەکی هەڵ داوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل پێش لەمە دەفرایەتیی زەرادخانەی ئێرانی نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ مووشەک خەمڵاندووە کە بەم شێوەیە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەم پاشەکەوتە بەکار هێنراوە.