کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا بەرگریی لە بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی کرد

11:15 - 3 رەزبەر 2725

ئانتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە لانیکەم دوو هێرشی دژە جوولەکە لەو وڵاتە، ئەو کارانەی بە ترسنۆکانە و بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ وەسف کرد.

ئالبانیزی لە قسەکانیدا لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داکۆکیی لە بڕیاری وڵاتەکەی بۆ دەرکردنی باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ئەمەی بە هەنگاوێکی بێوێنە لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا زانی.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ساڵی ٢٠٢٥ کۆمەڵێک ململانێی ئەمنییەتیی خستووەتە بەردەم جیهان، کە نموونەیەکیان دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخستنی هێرشی دژە جوولەکەکان بۆ سەر خاکی ئوسترالیایە.

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا بە ئاماژەدان بەوەی کە "تەنیا مانگی ڕابردوو، دەزگا ئەمنییەکانی ئوسترالیا پشتڕاستیان کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە پشت سووتاندنی کەنیسەیەک لە مێلبۆرن و چێشتخانەیەکی جوولەکەکان لە سیدنی بووە، ئەم کردەوانەی بە کردەوەی تاوانکاری و ترسنۆکانە بۆ چاندنی ترس" وەسف کرد.

ئلبانیزی جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە باڵیۆزی ئێرانمان لە ئوسترالیا دەرکرد. ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کە ئەو کارە بکەین. لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارەی دەکەینەوە کە هیچ شوێنێک بۆ دژە جوولەکەگەرایی نییە".

بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ڕێژیمی ئێران دوای لێکۆڵینەوەی دەزگای هەواڵگری و ئەمنییەتی ئوسترالیا درا و ئەمە یەکەمجار بوو لە ماوەی ٨٠ ساڵدا دەوڵەتی ئوسترالیا باڵیۆزێک لەو وڵاتە دەر بکات.

دوابەدوای دەرکردنی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ئوسترالیا بەهۆی پێوەندیی سپای پاسداران بە هێرشەکانی ئەو وڵاتە، ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیا نووسیویەتی کە کۆمەڵگەی ئێرانی لە ئوسترالیا پێشوازییان لەو هەنگاوە کردووە، بەڵام نیگەرانیی قووڵیان بۆ سڵامەتی بنەماڵەکانیان لە ئێران دەربڕیوە.