
دوابەدوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەردەم بەندیخانەی قەزڵحسار لە شاری کەرەج گرد بوونەوە.
دوابەدوای شەپۆلی ئەم دواییەی لەسێدارەدان و گواستنەوەی سزادراوان بۆ ژووری تاکەکەسی، کۆمەڵێک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، گرد بوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوە و لابردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکانیان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هێرانا"، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان ١٤بەندکراو بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامیان بۆ ژووری تاکەکەسی لە قەزڵحسار گواستراونەتەوە و لە ٢ی ڕەزبەریشدا لانیکەم شەش بەندکراو لەم بەندیخانەیە لە سێدارە دراون.
ناڕازییان ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان گردبوونەوە و تا نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر لە نارەزایەتیدەربڕین بەردەوام بوون.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە تەنیا لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم هەزار حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمار کراوە، کە بەرزترین ڕێژەی سێدارە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودایە و نیشانەیەکی ڕوونی چڕبوونەوەی قەتڵی سیستماتیکی ڕێژیمە.
لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک لە بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسیش گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی "نا بۆ سێشەممەکانی لەسێدارەدان" بەڕێوە برد و وێنەی ئازیزانیان و پلاکاردی وەک "نا بۆ لەسێدارەدان" و "دەبێت بەندکراوانی سیاسی ئازاد بکرێن"یان بەدەستەوە بوو، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانیان کرد.