کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە کوردستان؛ ٣٠٠ کیلۆمیتر جاددەی خاکی لە شاری سنە

11:52 - 3 رەزبەر 2725

سەرەڕای چەندین ساڵ بەڵێن و دروشمی دادپەروەری لە گەشەپێدان، لە شاری سنەدا هێشتا زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمیتری جاددەی خاکی هەیە و ٤٠٠ کیلۆمیتری ڕێگاوبانەکان کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و چاکسازییە  بە ناتەواوی ماونەتەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ڕێگاوبانی گوندەکان لە سنە، فەرمانداری ئەو شارە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمیتر لە جاددەی گوندەکانی سنە خاکین و ٤٠٠ کیلۆمیتری دیکەش پێویستییەکی زۆریان بە باشترکردن و ڕووکاری قیر هەیە.

ئەم دانپێدانانە ئاشکرایە جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر ئەو هەڵاواردنەی لە تەرخانکردنی بوودجەدا هەیە، هەڵاواردنێک کە کوردستانی لە سەرەتاییترین ژێرخانەکان بێبەش کردووە.

لەم دیدارەدا، عەلی خاقانی، جێگری تەکنیکیی ڕێگاوبانی گوندکان لە ڕێکخراوی ڕێگاوبان، بە بەڵێنی بەتاڵ و هەرگیز جێبەجێنەکراو، بەڵێنی دا کە پشکی قیرێکی بەخۆڕایی بە تایبەتی بۆ سنە تەرخان بکرێت و ئەولەویەتەکانی باشترکردن بخرێنە بەرنامەی کارەوە.

بەردەوامیی بێبەشکردنی جاددەی گوندەکانی کوردستان بەهۆی کەمیی ئیمکاناتەوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕوانگەیەکی هەڵاواردنی پێکهاتەییە و ئەم دۆخەش ئاماژە بۆ بەردەوامبوونی بێبەشکرانی سیستماتیک و هەڵاواردن لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی بواری ژێرخانەکان بۆ کوردستانە.