
هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە گوندی کەوپێچی خواروو سەر بە شاری بانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی هاووڵاتییەک و هەموو کەلوپەلی ئەو ماڵەیان تێک داوە .
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی مەسعوود عەبدوڵڵاهی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە ئەو هێزانە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە بوون کە بە چوار ماشینی لە جۆری سەمەند هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە بەلام کەسیشیان دەسبەسەر نەکردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە هێزەکانی ئیتلاعات بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو ماڵە.
بەپێی گرتە ڤیدیویەیەک کە بە بەشی هەواڵ گەیشتووە، لە ئەنجامی هەڵکووتانی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە، هەموو کەلوپەلی ئەو ماڵە تێک دراوە.
جێگەی ئاماژەیە نزیک ٧ مانگ لەمەوبەر کوڕێکی ئەو بنەماڵەیە بە ناوی مۆحسێن عەبدوڵڵاهی کە لە سنووری بانە خەریکی کاسبی بووە، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراوە.