کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە سەروەری‌ژیان

17:10 - 3 رەزبەر 2725

شەماڵ تەغیبی

بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆنفرانسی هاوبەشی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان لەسەر تەوەری "بزوتنەوەی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی" بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین کەسایەتی سەربەخۆ بەڕێوە بچێت، کە لەگەڵ ئەوەی لە چەشنی خۆیدا هەوڵێکی کەمتردیتراوە لە مێژووی دوور و نیزیکی خەباتکارانی سیاسی لەم پارچەی نیشتمانەکەمان، بەڵام دەکرێ وەک دەرفەتێک ببیندرێت بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا هاوتەریب لەگەڵ ئامانجە هاوبەشەکانی بزوتنەوەی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی و بەهێزکردنی هاودەنگیی نێوان لایەنەکان و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانی جەماوەری.

کە دەڵێین هەوڵێکی کەمتردیتراو، بەو مانایە کە ئەگەرچی لە ڕابردوودا و هەر لە سەرەتای خەباتی گەلەکەمان لەم پارچەی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی مافە بنپێخراوەکان، خەمخۆر و دڵسۆزانی نیشتمان و چارەنووسی گەل، هەوڵی زۆریان دا تاکوو جۆرێک لە یەکخستن و ڕێکخستنی تۆکمە بۆ نێو ماڵی کورد جێبەجێ بکەن بەڵام بەهۆی لاساری و نەخوێندنەوەی کەتوار و واقیعەکانی کۆمەڵگە و نەناسینی درووستی دژمن و تواناییە خۆییەکان، بینیمان کە ئەنجامێکی ئەوتۆی هەستپێکراوی لێ شین نەبوو؛ لێ، چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕووداوەی ئەمجارە بە لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنی ئاستی تێگەیشتنە سیاسییەکان، هاتنەئارای بارودۆخی نوێ بەسەر ئێران و لەو جوغڕافیایەشدا بەسەر کوردستان و بە وەرگرتنی دەرس و ئەزموون لە خەتا و هەڵەکانی ڕابردوو بتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پێشخستنی ئایدیالی ئازادیخوازی و دادپەروەری ئەم بزووتنەوەیە کە لە چەشنی خۆیدا سەرباشقە و ئۆلگوویەکی تۆکمەیە بۆ خەبات لە سەرانسەری ئێران.

ڕەهەندێکی گرینگی ئەم باسە لەم کاتوساتە هەستیارە کە نەک هەر جوغڕافیای ئێران و نەتەوەکانی نیشتەجێ لێی پێیدا تێدەپەڕن بەڵکوو لە ئاستێکی بەربڵاوتر و گشتگیرتردا لە ئاستی ناوچەییش دەکرێ شەنوکەو بکرێ بریتییە لەوەی ئێمە لە ئێستەدا شاهێدی هەوڵێکی بانناوچەیی لەمەڕ کزکردن و دواجاریش لەنێوبردنی ناوکەکانی توندئاژۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینداین و هیچ بە دووریش نازانرێ کە ئەمە دەسپێکی جۆرێک لە باڵکانیزەکردنی ناوچە بێت؛ پرسێک کە لە مێژووی دوور و نیزیکی گەلانی ناوچە نامۆ نەبووە.

ئەگەر ئەم پرسە بە هەند وەربگرین و بیکەینە هەوێنی باسێکی جیددیتر بەرەوڕووی ئەو پرسیارە جەوهەرییە دەبینەوە کە ئێمەی کورد و لە نێو کوردستانیش ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان چیمان کردووە یان دەبێ چی بکەین؟

لە ساڵانی پێشوودا بەشێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان پاش چەندین دانیشتن بۆ لێکتێگەیشتن و دواجار لێکنیزیکبوونەوە، مژدەی بنیاتنانی ناوەندێکیان دا کە دواجار بووە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە ئۆمێدی ئەوەی لای گەل ساز کرد ئەمە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ بەهێزترکردنی خەبات؛ لەگەڵ ئەوەیکە ناوەندی هاوکاری بێ کەموکوڕی نەبوو و هەر لەسەرەتای کار تا دواجار کە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ئیتر ناوی نەما، تووشی هەوراز و نشێوی زۆر بوو بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە توانی نەخش و ڕۆڵێکی کارا لە هەندێ بڕگەی هەستیاری خەباتمان لە ڕۆژهەڵاتدا بگێڕێ کە ڕەنگە زەقترین و بەرچاوترینیان کاریگەرییەکانی بوو لەسەر ڕاپەڕینی ژینا و پڕتینکردنی خەباتی شاروشەقام.

ئاساییە کە لەم دەرەتانەدا نەتوانین باس لە هۆکارەکانی لاوازبوون و بەجۆرێک نەمانی ناوەندی هاوکاری بکەین بەڵام ئاوڕدانەوە و بیرکردنەوە لەم نەخشە کردارییەی ناوەند لەسەر ڕاپەڕینی ژینا، لەڕاستیدا وەبیرمان دێنێتەوە کە دەتوانین و دەبێ لێک نیزیک ببینەوە، لێک تێبگەین و بە دوور لە هەست و سۆزی حیزبی و ئایدیۆلۆژیک، یەکگرتووییەک لە چەشنی ناوەندی هاوکاری بەڵام تۆکمەتر و بەپلانتر لەو، ساز بکەین ئەمەش تەنیا و تەنیا بەو هۆکارەی کە دەبێ پێمل بین بەوەی ئێمەی کورد لە داهاتووی پڕ لە ئاڵۆزی و پڕ لە کێشمەکێشی ناوچە و ئێران و لە نێو هاوکێشە سیاسییەکانی ئایندەدا هاوچارەنووسین و ئەگەر دەمانهەوێ لەم داهاتووە نادیارەدا سەرێکمان لە نێو سەراندا بێ و کوردوتەنی سەرمان بێ کڵاو نەمینێتەوە، ئەوا مەحکوومین بە هاوخەباتی.

نابێ لە بیرمان بچێ کە هەموو کات و بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو، دژمنانی گەل و خاکەکەمان سەرباری هەموو جیاوازییە سیاسی و ئایدیایی و ئەندێشەییەکانیان کە باسی کورد و خاکی کوردستان هاتۆتە گۆڕێ، ئەوا یەکگرتوو بوون و لەدژی بەرهەڵست بوونەتەوە؛ کەواتە نە عەیبە و نە جێی شەرمە ئەگەر کراسێ لە مێژوو دادڕین و بزانین کە هەم دەبێ ئەزموونە شکستخواردووەکانی ڕابردوو دوووپات نەکەینەوە، هەمیش خاڵە بەهێزەکانی ڕابردوومان بکەینە بنەوایەک بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ چاونەزێرانی خاکەکەمان؛ گەر دەمانهەوێ بە سەروەری بژین و نامانهەوێ چیدی ژێردەستە بین. لە غەیری ئەوەش دەبێ هەر بە نێو بازنەی داخراوی دوگماتیزمی من من و تۆتۆ بخولینەوە و شەرمەزاری نەسڵەکانی ئایندەمان بین.

کەواتە بۆ پێشەوە بە یەکگرتوویی و بە ئامانجی دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسمان.