کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویتکاف: ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ ئێران سەبارەت بە مێکانیزمی ماشە وتووێژ بکات

17:10 - 3 رەزبەر 2725

ستیڤ ویتکاف، نوێنەری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئامادەیی واشنگتۆنی بۆ وتوویژ لەگەڵ تاران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی و مێکانیزمی ماشە ڕاگەیاند. بە وتەی ئەو، ئەمریکا هیچ مەیلێکی زیانگەیاندنی بە ئێران نییە.

نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پاش هۆشدارییەکانی وڵاتانی ئورووپایی سەبارەت بەو ماوە کەمەی کە بۆ دووبارە سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا ماوە، وتی: کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی سەختدایە.

ناوبراو بە دەربڕینی حەزی ئەمریکا بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێران، وتی: "پێموانییە ئێمە هیچ خواستێکمان هەبێت بۆ زیانگەیاندن بە ئێران. لە هەر حاڵەتێکدا، ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە بگەینە چارەسەرێکی هەمیشەیی و وتووێژ لەسەر مێکانیزمی ماشە بکەین."

ویتکاف هەروەها زیادی کرد: ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی "چارەسەرێکی دروستە".

لە لایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە ڕۆژی ڕابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ مەسعوود پزیشکییان کۆ بووەوە.

ماکرۆن دوابەدوای کۆبوونەوەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە کە هێشتا ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ تاران هەیە، بەڵام "تەنیا چەند کاتژمێرێک" بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە ماوە.

ماکرۆن ڕوونیشی کردەوە: ئەوە پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە کە ئەو مەرجە ڕەوایانە جێبەجێ بکات کە ئێمە خستوومانەتە ڕوو. بە وتەی ناوبراو، تا ئێستا "هیچ چارەسەرێکی کارا" لەلایەن تارانەوە پێشنیار نەکراوە.