
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی دوو ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، داوای داخستنی یەکجاریی ئەم بەندیخانەی کرد.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە ع، بە هۆی خەمساردیی بەرپرسانی بەندیخانەی قەرچەک بە دۆخی تەندروستیان کردووە.
مەحموود ئەمیریموقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە کاردانەوە بە گیانلەدەستدانی ئەم دوو ژنە وتی: ئێمە خوازیاری لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی هۆکاری مەرگی ئەم دوو بەندکراوە لەلایەن کۆمیتەیەکی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانین.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەرپرسایەتیی پاراساتنی گیان و تەندروستیی بەندکراوان لە ئەستۆی ڕێكخراوی بەندیخانەکان، هێزی دادوەری و لە کۆتاییدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە، ئەوان دەبێ لە بەرانبەر گیانلەدەستدانی سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە ع لە بەندیخانەی قەرچەک وڵامدەر بن.
ئەمیریمودەقم پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەندیخانەی قەرچەک هێمای ئاشکرای نکۆڵیکردن لە مرۆڤایەتی و کەرامەتی مرۆییە و کۆمەڵگەی جیهانی نابێ لە بەرانبەر ئەم پێشێلکارییە بەربڵاوەی مافەکانی مرۆڤ بێدەنگ بێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بەندیخانەی قەرچەک، جەهەنەمی ژنان و منداڵان"، سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندیخانەیە هۆشداریی دابوو و ئەو شوێنەی بە یەکێک لە ناشیرینترین هێماکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناو بردبوو.
بەپێی زانیارییەکان ئەم بەندیخانەیە شوێنێکی زۆر خراپ بەتایبەت بۆ ژنان و بەندکراوانی سیاسییە کە هاتوچۆی هەوای تێدا نییە و هاوکات کێشەگەلێکی وەک نەبوونی ڕووناکیی پێویست، ئاوی خواردنەوەی خاوێن و تەندروست، خواردنی باش، نەبوونی شوێنی خەو و خزمەتگوزاریی بێهداشتیی پێویستی هەیە و هەموو چەشنە هەڵسوکەوتێکی توندوتیژ و بەدوور لە مرۆڤایەتیی تێدا دەبینرێت.
سومەیە ڕەشیدی کە بە تۆمەتی نووسینی دروشم دەسبەسەر و بە پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم تۆمەتبار کرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەر گیانی لەدەست دا. ناوبراو نەخۆشیی "فێ"ی هەبووە و بەرپرسانی بەندیخانە لە ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە خۆیان بواردووە.
بە وتەی شایەتحاڵان، جەمیلە ع بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە و لە پێش چاوی هاوبەندییەکانی گیانی لەدەست داوە.
ئەم رێکخراوە مافی مرۆییە جارێکی یکە داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی، ناوەندە مافی مرۆییەکان و هەموو مرۆڤە وشیارەکان کردووە کە بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەم بەندیخانەیە هەوڵ بدەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەمبارەوە ڕایگەیاندوە: داخرانی ئەم بەندیخانەیە نەتەنیا هەنگاوێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەندکراون، بەڵکوو هێمایەک لە پێبەندبوونی جیهانی بە دادپەروەری و مرۆڤایەتی دەبێت.