کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران زۆرترین حاڵەتی لەسێدارەدان لە ١٥ ساڵی ڕابردووی تۆمار کرد

10:34 - 5 رەزبەر 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە تاکوو ئێستا، زیاتر لە هەزار حاڵەتی لەسێدارەدانی تۆمار کردووە.

بە وتەی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ئەم ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەی حاڵەتەکانی تۆمارکراوی سزای سێدارە لە ئێران لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودایە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی باسی لەوە کردووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ـەوە کۆماری ئیسلامی کەڵکوەرگرتن لە سزای سێدارە وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی دەوڵەتی و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەرپرسانی ڕێژیم لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلەوە بە بیانووی "ئەمنیەتیی نەتەوەیی" سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان پەرە پێ داوە.

ئەم ڕێکخراوە داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەسبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕابگرن و داوای لە باقی وڵاتانیش کردووە کە بۆ وەستاندنی سێدارەکان، گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی.

لێبوردنی نێونەتەوەیی وێڕای ئاماژە بە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری سزای سێدارە دژی کەمینەکان بەتایبەت نەتەوەکانی کورد و بەلووچ و هەروەها ئەفغانستانییەکان، جەختی کردووەتەوە کە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مەترسیی جیددیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەیان لەسەرە.