
بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ڕووسیە و چین بۆ دواخستنی گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی نەهێنایەوە و بەو پێیە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی گەڕانەوە.
لە دەنگدان لەسەر ئەم بڕیارنامەیە کە ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەزبەر ئەنجام درا، لە کۆی ١٥ ئەندامی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا چوار وڵاتی ڕووسیە، چین، ئەلجەزایر و پاکستان دەنگی ئەرێنیان دا. هەروەها نۆ وڵات کە ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا و دانمارکیشی تێدایە دەنگی نەرینیان دا و دوو وڵاتیش دەنگی بێ لایەنیان دا.
لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەی شۆرای ئەمنییەت، هەموو گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە کاتژمێر ٨:٠٠ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا بەڕێوە دەچن.
گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دوای ئەوە دێت کە فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا پرۆسەی مێکانیزمی ماشەیان کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا پێشبینی کرابوو چالاک کرد.
کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی وەک کاردانەوە بە گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە تەواوکراو دەزانن و هەروەها بیر لە کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ناوکی دەکەنەوە.