
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێكی بەبۆنەی كۆتاییهاتنی دەورەیەكی سیاسی بۆ ژنانی ئەندام، كادر و پێشمەرگەی نێو ڕیزەكانی خەبات بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێ كرد.
دواتر بەڕێز كاک مستەفا مەولوودی، جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامی دەستەی كارگێڕیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، چەند وتەیەكی پێشكەش كرد و ڕۆڵ و بەشداریی ژنانی لەنێو ڕیزەكانی خەباتدا چ وەک پێشمەرگە و ئەندام چ وەک پاڵپشتی پێشمەرگە و حیزب بەرز نرخاند.
كاک مستەفا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گرنگیی پەروەردەی، بەتایبەت بۆ ژنانی نێو حیزب لەو قۆناغە هەستیارەدا كە گۆڕانکارییەکان لە ئێران و ناوچەكەدا خێراتر بوونەتەوە، لە هەر كاتێک زیاتر بە پێویست زانی.
لە درێژەدا بەڕێز مەولوودی بە ئاماژە بە گەورەیی و ڕۆڵی حیزبی دێموكرات لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە گرنگییەوە ئاماژەی بە بەشداریی ژنان لە مەیدانە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان كرد و پشوودرێژی و بەردەوامیی ئەوانی بەرز نرخاند.
ناوبراو بە ئاماژە بە شۆڕشی ژینا و چالاكییە مەدەنی و فەرهەنگییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ژنانی بە پێشەنگ و بەڕێوەبەر وەسف كرد و پێی وابوو هیچ خەبات و تێكۆشانێک بە بێ بەشداریی ژنان سەركەوتوو نابێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا خاتوو ڕووناک فەتحی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ناوەندی پەروەردە، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، بەڕێوەبردنی دەورەی پەروەردەیی و سیاسیی ژنان لە دوو ڕەهەندی ڕەگەزی و شوناسخوازی گرنگیی خۆی هەیە؛ لە بواری ڕەگەزییەوە ژنان لەمێژە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بە باشی ناسیوە و ئەو قۆناغەیان تێپەڕ كردووە، لەم دەورە پەروەردەییانە لە ڕووی پراکتیکی و مەیدانی هەوڵ دەدەن بۆ خۆپێگەیاندنی زیاتر بە ئامانجی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی بەپرسیارەتی و بەشداریی زیاتر لە ئەرک و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی، بەتایبەت بەشداریی سیاسیی ژنان ئەرکێکی گرینگی حیزبی دێموکرات و ناوەندی پەروەردەیە کە کاری جیددیی بۆ بکات.
هەروەها لە ڕوانگەی شوناسخوازی نەتەوەیی، بەڕێزیان باسیان لەوە كرد كە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگارخوازیی کورد و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، ژنانی کورد لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکان، بەشێک بوون لەو مێژووە پرشنگدارە و لە هەموو قۆناغەکانی خەبات ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاو و شوێندانەریان هەبووە.
لە کۆتاییدا خاتوو ڕووناک وێڕای دەستخۆشی و سپاس لە مامۆستایان و بەشداربووانی ئەو دەورە سیاسییە كە ماوەی مانگێكی خایاند، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناوەندی پەروەردە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانی کاری خۆی بە شێوەی ستراتێژی و سیستماتیک کار لەسەر بەهێزکردنی توانا سیاسی و مرۆییەکانی ژنان بکات.
ئەم ڕێوڕەسمە بە پێشکەشکردنی لەوحی ڕێزلێنان بە بەشداربووانی دەورە کۆتایی پێ هات.