
هەڵاواردن و سیستمی حوکمڕانیی دژەژن لە ئێران، لەمپەری بۆ هەوڵەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبردنی پلان و بەرنامەکانی خۆی لە بواری ژناندا دروست کردووە.
کۆتاییهێنان بە هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن بە دژی ژنان، نەهێشتنی هەموو شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە شوێنە تایبەتی و گشتییەکان وەک کەڵکاوەژووی ڕەگەزی و هەموو شێوەکانی چەوساندنەوە و قاچاخی مرۆڤ، لەنێوبردنی هەموو هەڵسوکەوتە زیانبارەکانی وەک چووکە بە شوودان، بەشوودانی زۆرەملێ و خەتەنەی ژنان، پێناسەکردن و بایەخدارکردنی چالاکییە بێ حەقەدەسەکان و کاروباری نێو ماڵ، سیاسەتی پشتیوانیکردنی کۆمەڵایەتی، گەرەنتیی هاوبەشیی کاریگەر و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، لە بەرنامەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ وڵاتانی جیهانە کە لە ئێران و هێندێک وڵاتی دیکە کە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر و خۆسەپێن بە سەریاندا حوکم دەکات بە دروستی بەڕێوە ناچێت.
یەکێک لە هەوڵە سەرەکییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ئێران، بەتواناکردنی ژنان بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆیان وەک نیوەی حەشیمەتی ئێران لە بازاڕی کاردایە کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، هیچ بەرهەمێکی بەرچاو لەم بوارەدا بەهۆی بەربەستەکانەوە نەهاتووەتە ئاراوە.
بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و موسوڵمان، ژنان کەمترین ئاستی بەشداریکردنیان لە بازاڕی کاردا هەیە کە ئەم ڕێژەیە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تەنانەت لە دۆخێکی خراپتردایە.
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە ٦٢ لەسەدی دەرچووانی زانکۆکان لە ژنان پێک هاتوون، بەڵام لە بازاڕی کاردا پیاوان پێنج ئەوەندەی ژنان پشکیان هەیە.
سیستمی “پیاوسالاری” لە ئێران و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی زیاترین خەساری بە بازاڕی کار بۆ ژنان گەیاندووە.
تەنانەت هێندێک لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی وەک “پشووی کاتی منداڵبوون” و “کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنی دایکەکان بۆ دانی شیر بە منداڵەکانیان”، ئەگەرچی بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ژنان دانراوە، بەڵام خاوەنکارەکانی لە دامەزراندنی ژنان پاشەگەز کردووەتەوە.