
ئێران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتنێکی ٢٥ میلیارد دۆلاریی لەگەڵ کۆمپانیای ''ڕوس ئەتۆم''ی مۆسکۆ بۆ دروستکردنی چوار وێستگەی وزەی ناوکی لە پارێزگای هورمزگان واژۆ کرد. تاران دەڵێت برنامەیەکی بۆ گەشەپێدانی توانای بەرهەمهێنانی وزەی ناوکی تا ساڵی ٢٠٤٠ هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئیرنا''ی سەر بە ڕێژیم، ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان ئێران و کۆمپانیای ڕوس ئەتۆمی ڕووسی واژۆ کراوە و ئامانجیشی دروستکردنی چوار یەکەی وێستگەی کارەبایی لە پارێزگای هورموزگانە.
توانای هەر یەکەیەک نزیکەی هەزار و ٢٢٥ مێگاواتە و کۆی گشتیشی ٥ هەزار و ٢٠ مێگاواتە؛ ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری ٥٠٠ هێکتار جێبەجێ دەکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە، شیرکەتی ڕوس ئەتۆم واژۆکردنی یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی "وزەخانەیەکی بچووکی ناوکی" ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەم ڕێککەوتنە لە مۆسکۆ لە نێوان ئەلێکسی لیخاچۆڤ سەرۆکی شیرکەتی ڕوس ئەتۆم و محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران واژۆ کراوە.
محەممەد ئیسلامی سەرەتای ئەم حەفتەیە ڕایگەیاندبوو کە پلانی ئێران بریتییە لە دروستکردنی هەشت وێستگەی ئەتۆمی و تاران دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٤٠ بگاتە توانای بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیی ٢٠ گیگاوات.