
ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤، خولێکی تایبەتی فێرکاریی زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی "بەیان" لە شاری بۆکان کۆتایی پێ هات.
ئەم خولە تایبەت بە فێرکردنی ڕێنووسی کوردی بووە کە کۆمەڵێک لە کیژ و کوڕانی شاری بۆکان تێیدا بەشدار بوون؛ خولەکە نزیک بە مانگ و نیوێکی خایاندووە و لە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەردا کۆتایی پێ هاتووە.
ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی "بەیان" لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری بۆکان دامەزراوە و تا ئێستا بە سەدان کەسی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کردووە. جێگای ئاماژەیە کە ناوندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نوێنەرایەتیی هەیە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە سەدان مامۆستای فێرکاریی زمانی کوردیی دەسبەسەر کردووە و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاندوون بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم زەخت و گوشارانەی ڕێژیم، ناوەندە فێرکارییەکان پەرەیان بە کار و تێکۆشانیان لە بواری فێرکردنی ڕێنووسی کوردی داوە.