کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

11:20 - 6 رەزبەر 2725

شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سەرجەم سزای ۱۲ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگری''، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە شنۆ، سزای بەندکردنی بە سەر شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆدا سەپاندووە و بەپێی سزاکان، حەسەن شاداب سزای ٣ ساڵ بەندکردن، کاوە خاکینەهاد سزای ٢٠ مانگ بەندکردن، جەماڵ حوسێننژاد سزای ٢٠ مانگ بەندکران، کامیار عوقابی سزای ٢٠ مانگ بەندکران و مەحموود قادری سزای ١٦ مانگ بەندکران و هەروەها مەنسوور فەڕاش سزای ١٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو شەش هاووڵاتییە بە تۆمەگەلی وەکوو هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم ئەو سزایانەیان بە سەردا سەپاوە کە سەرجەم دەکاتە ١٢ساڵ بەندکردن.

لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم شەش هاووڵاتییە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردن.

ئەم شەش هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کران.