
گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کە بەپێی ڕێککەوتنی ناوکیی تاران و زلهێزەکانی جیهان ڕاگیرابوو، دوای دە ساڵ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر بە کاتی تاران بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گەڕانەوە و دۆسییەی بەرجام بەفەرمی داخرا.
دوابەدوای دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و جەختیان لە کراوەیی دەرگای دیپلۆماسی کردەوە و هۆشداریان بە تاران دا کە خۆی لە گرتنەبەری هەوڵێک کە دۆخە خراپتر بکات، بپارێزێت.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوشێوەی هاوتا ئورووپاییەکانی، جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی گەمارۆکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە و ڕێگای دانوستان بەڕووی ئێراندا کراوەیە.
گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی مێکانیزمی ماشە دووبارە دەگەڕێنەوە، ئەو مێکانیزمە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جێگەی ڤێتۆکردن نەبێت، واتە چین و ڕووسیە ناتوانن ڕێگری لێ بکەن.
ڕۆژی هەینی ڕووسیە و چین هەوڵیان دا بە پێشکەشکردنی بڕیارنامەیەک بۆ شۆرای ئەمنییەت ڕێگری لە گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر تاران بکەن بۆ ماوەی شەش مانگ درێژی بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بە نۆ دەنگی نەرێنی لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەو شۆرایە پێشوازیی لێ کرا.
گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کە بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت لە ساڵی ٢٠١٥ ڕاگیرابوون، جارێکی دیکە سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەبەستێتەوە و ڕێککەوتنە چەکوچۆلەکان لەگەڵ تاران ڕادەگرێت و هەر جۆرە پەرەسەندنێکی بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران لەگەڵ ڕێوشوێنی دیکەدا دەخاتە ژێر گەمارۆکانەوە .
کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەوانە وەزیرەکانی کابینەی مەسعوود پزیشکییان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵیان داوە کاریگەریی ئەو گەمارۆیانە کەم بکەنەوە و خەڵک ڕازی بکەن کە هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دۆلار ڕۆژی شەممە لە بازاڕی کراوەی ئێراندا بازدانی بەخۆیەوە بینی و لە ١١٣ هەزار تۆمان نزیک بووەوە.