کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری حیزبوڵڵا: دەستبەرداری چەکەکانمان نابین

11:56 - 6 رەزبەر 2725

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی هەزاران لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت لە نزیک گڵکۆی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری پێشووی ئەو گرووپە میلیشیاییە لە لوبنان، ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەر لە یادی یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ناوبراو، دووپاتی کردەوە کە "ئەم گرووپە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت".

نەعیم قاسم باسی لەوە کرد، چەکداماڵینی حیزبوڵڵا بە واتای چەکدانانی لوبنانە، جەختیشی کردەوە، حیزبوڵڵا دژی ئەم ئامانجە دەوەستێتەوە، کە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە.

لە کاتێکدا لوبنان لەگەڵ قەیرانە قووڵەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەرەوڕووە، حیزبوڵڵا جارێکی دیکە بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەک لە بەیرووت و جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی ئامادەبوونی چەکداری، نیشانی دا کە هیچ ئیرادەیەکی بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە سێبەری شەڕ نییە.

قاسم بە ئیدیعای سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیل و دروستکردنەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی حیزبوڵڵای لوبنان نیشانی دا کە ئەو گرووپە نەک هەر ئارەزووی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەی لوبنانی نییە، بەڵکوو لە پێشینەی کارەکانیدا بنیاتنانەوەی تواناکانی شەڕکردنی خۆی داناوە، لە کاتێکدا میلیۆنان لوبنانی لەگەڵ هەژاری و بێکاری و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بەڕەوڕوون.

پێداگریی حیزبوڵڵا لەسەر درێژەدان بە ڕوانگەی نیزامی و پشتبەستن بە ڕێژیمی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم گرووپە لە جیاتی بەرگری لە لوبنان، داهاتووی وڵاتەکەی خستووەتە ژێر سێبەری شەڕ و سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی خۆیەوە.