کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسانی ٤٥ لەسەدی؛ سفرەی هاوڵاتییان ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە

13:40 - 6 رەزبەر 2725

بەپێی ئاماری ناوەندی ڕێژیم، لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤دا، هەڵاوسانی ماڵان گەیشتە زیاتر لە سەدا ٤٥.

بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئامار، لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤دا، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە ماڵەکاندا لەسەدا ٤٥.٣ بووە، بەو مانایەی کە بنەماڵەکان بە شێوەی نێونجی زیاتر لە لەسەدا ٤٥.٣یان بۆ کڕینی هەمان کۆمەڵە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە بەراورد بە ساڵی ١٤٠٣ خەرج کردووە.

هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی خەرمانان بە بەراورد بە مانگی گەلاوێژ  ٢.٩ خاڵ بەرز بووەتەوە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ خێرابوونی شەپۆلی هەڵاوسان.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پێوەرەکانی نرخی بەکارهێنانی بنەماڵەکان لە کۆتایی مانگی خەرماناندا گەیشتووەتە ٣٨٤.٦، کە بە بەراورد بە مانگی پێشوو لە سەدا ٣.٨ زیادی کردووە.

هەڵاوسانی مانگانەی بنەماڵەکان لە مانگی خەرمانان لە سەدا ٣.٨ و لە کەرتی خۆراک و خواردنەوەدا لە سەدا ٥.٢ بووە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنانەت نان و برنج و گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکانیش کە پێداویستیی سەرەتایی خێزانەکانن، ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبن و دەستیان پێناگات.

هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە دوازدە مانگی ڕابردوودا گەیشتە ٣٧.٥ لەسەد کە بە ڕێژەی ١.٢ خاڵ زیاترلە مانگی پێشوویە.

لێکدانەوە بۆ دابەشکردنی هەڵاوسان لە جەهەکی خەرجییەکان دەری دەخات کە بنەماڵەکانی دەهەکی یەکەم بە هەڵاوسانی لەسەدا ٣٨.٤ زۆرترین گوشاریان بەرکەوتووە، لەکاتێکدا دەهەکی دەیەم هەڵاوسانی لەسەدا ٣٦.٨ی بەخۆیەوە بینیوە و ئەم جیاوازییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەڵاوسان زۆرترین قورسایی لەسەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگە هەیە.

شارەزایانی ئابوری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە نەک تەنها توانای کڕینی  هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە، بەڵکوو مەترسی لەسەر بژێوی ملیۆنان بنەماڵە دروست دەکات و دەبێتە هۆی بچووکتربوونی سفرەکان و زیادبوونی هەژاری.