
ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٤، دوکتور پەیمان پاکزاد، پزیشکی خۆشناو و خۆشەویست و کەسایەتیی دیاری شاری کرماشان و شاری سەحنە بە هۆی نەخوشیی شێرپەنجەوە لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.
دوکتور پەیمان پاکزاد لە شاری سەحنە لە دایک بووە و ٢٦ ساڵ پێشینەی کاری پزشکی هەیە و سەرەڕای کاری پزیشکی حەزی زۆری لە کاری هونەری وەک وێنەگری و زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووە و لەگەڵ هونەرمەندانی کورد و نووسەرانی کورد پێوەندیی هەبووە.
نۆرینگەی ئەم پزیشکە شوێنی یارمەتیی هەژاران و نەدارانی کورد لە پارێزگای کرماشان بوو.
دوکتور پەیمان پاکزاد بە زاراوەکانی سۆرانی، کرمانجی و کەلهوری قسەی دەکرد و دوکتورکانی کرماشانی هان دەدا بە کوردی قسە لەگەڵ نەخوشەکان بکەن و هەوڵی پاراستنی زمانی کوردی بدەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.