کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێکی نوێی ئیسرائیل سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا

17:24 - 6 رەزبەر 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل لە یەکەمین ساڵیادی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵای لوبناندا ئاشکرای کرد کە ناوبراو لە دوایین ڕۆژەکانی ژیانیدا لە بنکەیەکی نهێنیدا ماوەتەوە کە بە تەکنۆلۆژیای ڕێژیمی ئێران تەیار کراوە.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەر و هاوکات لەگەڵ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، بەڕێوبەرایەتیی ئیتلاعاتی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حەسەن نەسروڵڵا لە ڕۆژانی پێش مردنی لە بنکەیەکدا بووە کە بە تەکنەلۆژیای ڕێژیمی ئێران دروست کرابوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە نەسروڵڵا هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی تواناکانی حیزبوڵڵا و پلانی هێرشی دژی ئیسرائیلی دەدا، بەڵام ئەو هەوڵانە هەر زوو شکستیان هێنا.

پەناگەی نەسروڵڵا لە بەرزترین ئاستی نهێنیبووندا دروست کراوە و تەنیا چەند کەسێکی نزیکی لێی ئاگادار بوون.

نەسروڵڵا لە ٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٣ لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیلدا لە باشووری بەیرووت کوژرا؛ هێرشێک کە بە کەڵکوەرگرتن لە دەیان بۆمبی سەنگەرشکێن بارەگای فەرماندەیی حیزبوڵڵای وێران کرد.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر ماڵپەری هەواڵی "وای نێت" لە ڕاپۆرتێکدا باسی وردەکارییەکانی کوشتنی نەسروڵڵای کرد و نووسیبووی کە تەکنۆلۆژیای نوێ لەلایەک و لێکدانەوەی هەڵەی نەسروڵڵا لەلایەکی دیکەوە ڕێگای بۆ ئۆپەراسیۆنەکە و داڕمانی فەرماندەیی حیزبوڵڵا خۆش کرد.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە، دەستڕۆشتوویی حیزبوڵڵا لە گۆڕەپانی سیاسیی لوبنان لاواز بووە و حکوومەتی ئەو وڵاتە لەژێر گوشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، پلانی چەکداماڵینی ئەم گرووپەی دەست پێ کردووە کە تاران پاڵپشتیی دەکات.

بەڵام نەعیم قاسم، جێگری نەسروڵڵا، لە ساڵیادی کوژرانی ناوبراودا جەختی لەوە کردەوە کە حیزبوڵڵا چەک دانانێت و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەو گرووپە ئامادە نابن دەستبەرداری چەکەکانیان بن.