
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بە نایاسایی و ناڕەوا ناو برد و هۆشدارییان دا کە هەر کارێک کە لەسەر بنەمای بڕیارنامەکانی ئەو ڕێکخراوە بێت، لەگەڵ وڵامی تاران بەرەوڕوو دەبێتەوە.
هاوکات کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا کە بەهۆی ڕێککەوتنی بەرجام ڕاگیراون، "دەستبەجێ" دەگەڕێندرێنەوە.
ئەم گەمارۆیانە کە بریتین لە بەستنی داراییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕاگرتنی گرێبەستی چەک و سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی ئێران، دوای ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ڕۆژاوا شکستی هێنا و مێکانیزمی ماشە لەلایەن سێ وڵاتی ئورووپاییەوە چالاک کرا لە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کاردانەوە بەو ڕووداوە ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە بووژانەوەی بڕیارنامە بەسەرچووەکان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و نابێت هیچ وڵاتێک دان بەو دۆخەدا بنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەروەها لە نامەیەکدا بۆ ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەنگاوی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی بۆ گەڕاندنەوەی بڕیارە هەڵوەشێنراوەکانی شۆرای ئەمنییەت دژی ئێرانی بە "نایاسایی و بێ بنەما" ناو برد.
هەروەها محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران هەنگاوی سێ وڵاتی ئورووپایی بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی بە نایاسایی زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران خۆی بە پێبەند بۆ جێبەجێکردنیان، لەوانەش ڕاگرتنی پیتاندن نازانێت.
بەڵام لە نێوخۆدا هاووڵاتییان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکان سەبارەت بە کاریگەریی دەستبەجێی ئەو بڕیارە لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان کاردانەوەیان نیشان داوە. نرخی دۆلار لە بازاڕی کراوەدا گەیشتە ڕیکۆردێکی نوێ و نیگەرانییەکانیش سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و دابەزینی زیاتری ئاستی ژیان زیادی کردووە.
هاوکات ئیسماعیل کەوسەری نوینەری مەجلیس باسی لە تاوتوێی ئەگەری کشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ناوکی (NPT) کرد.