کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی فەرمیی گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کاردانەوەی ڕێژیم

10:50 - 7 رەزبەر 2725

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا، بەفەرمی باسی لە گەڕانەوەی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی کرد کە ناڕەزایەتیی ڕێژیمی لێ کەوتووەوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر وردەکارییەکانی گەڕانەوەی گەمارۆکان و بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت دژی کۆماری ئیسلامیی لەژێر کاریگەریی "مێکانیزمی ماشە"دا ڕاگەیاند.

فەرحان عەزیزی حەق، جێگری وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی بەپێی بەندەکانی ١١ و ١٢ی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت، لە کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، هەموو بەندەکانی بڕیارنامەی ١٦٩٦ و ١٧٣٧ی ساڵی ٢٠٠٦، ١٧٤٧ی ساڵی ٢٠٠٧، ١٨٠٣ و ١٨٣٥ی ساڵی ٢٠٠٨ و ١٩٢٩ی ساڵی ٢٠١٠ سەرلەنوێ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

 بەپێی ئەم بریارە، پێڕستی گەمارۆ پێشووەکانی شۆرای ئەمنییەت کە ٤٣ کەس و ٧٨ ناوەندی لەخۆ دەگرت، جێبەجێ دەکرێنەوە؛ ئەم گەمارۆیانە پێش لە پەسەندکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە ساڵی ٢٠١٥ چووبوونەوە بواری جێبەجێکردنەوەی و ئێستا گەڕاونەتەوە.

لە کاردانەوە بەم هەوڵە، ئەمیرسەعید ئیروانی، باڵوێزی ڕێژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی شۆرای ئەمنییەت، دەرکردنی ڕاگەیاندراوی نووسینگە سەبارەت بە گەڕانەوەی گەمارۆکانی هەوڵێکی لایەنگرانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانیی ئاشکرا لە سێ وڵاتی ئورووپایی و ئەمریکا ناو برد.

ئیروانی جەختی کردەوە کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئەو ئیزنە بە سکرتێری گشتی یان نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان نادات کە گەڕانەوەی گەمارۆکان بە وڵاتانی ئەندام ڕابگەیێنێ و هەوڵی یەکلاینەی نووسینگە، زیاتر لە چوارچێوەی دەسەڵات و دەستێوەردان لە دەسەڵاتی شۆرای ئەمنییەتە.

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژەی "مێکانیزمی ماشە"ی تۆمارکراو لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت، لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤ـوە هەموو گەمارۆکانی پێشووی ئەم شۆرایەی دژی کۆماری ئیسلامی چالاک کردەوە.