
محەممەدباقر قڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئیران لە وتاری ئەم دواییەیدا، گەڕانەوەی گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێرانی بە "نایاسایی" ناو برد و بە پشتبەستن بە هەڵوێستەکانی چین و ڕووسیە، ڕایگەیاند کە تاران پێبەندی ئەو گەمارۆیانە نابێت.
ناوبراو بە ڕاشکاوی جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگەی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل "زیادکردنی هێزی نیزامی و مووشەکییە".
ئەم هەڵوێستە لەجیاتی ئەوەی نیشانەی سەربەخۆیی بێت، تیشک دەخاتە سەر پشتبەستنی ئاشکرای ڕێژیمی ئیران بە پشتیوانیی زلهێزە دەرەکییەکانی وەک چین و ڕووسیە.
هاوکات قاڵیباف دانی بەوەدا نا کە چڕبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان کە لە ئەنجامی گەڕانەوەی گەمارۆکانەوە سەرهەڵ دەدات، ژیانی خەڵک زیاتر دەخاتە نێو قەیرانەوە و تەنانەت بەنیسبەت پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هۆشداریی دا.
دانپێدانانی ناوبراو بە قەیرانی بژێوی ژیان و گرانیی کەلوپەل و قەیرانی نیشتەجێبوون نیشان دەدات کە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی نەک هەر نەیتوانیوە هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بارگرانییەکی قورستری خستووەتە سەر کۆمەڵگە.
لە کاتێکدا خەڵک لەگەڵ هەژاری و بێکاریدا بەروڕوون، ڕێژیم لە خەرجکردنی سەرچاوە نەتەوەییەکان بۆ بەرنامەی مووشەکی و نیزامی بەردەوامە.
پشتبەستن بە چین و ڕووسیە و پشتگوێخستنی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کردەوە، بە واتای گۆشەگیرکردنی زیاتری ئێران و قوربانیبوونی بژێوی هاووڵاتییانە؛ سیاسەتێک کە ئەمنییەت و خۆشگوزەرانیی خەڵک دەکاتە قوربانیی سیاسەت و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.