کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دەسپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر بووە

10:58 - 7 رەزبەر 2725

ڕۆژنامەی ''ئیسرائیل هیۆم'' بڵاوی کردەوە، هەوڵە دیپلۆماتیکەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە بنبەست و ئەگەری شەڕێکی نوێ، توندتر و توندوتیژتر لە ڕابردوو، لە ئارادایە.

ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە، تاران بەجێگەی هەڵسەنگاندنی زیان و لێکەوتە مرۆییەکان، مانەوە و توانای دەستبەجێ گۆڕینی فەرماندە کوژراوەکان وەک نیشانەی خۆڕاگری و سەرکەوتن زەق دەکاتەوە.

''ئیسرائیل هیوم'' هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر ململانێیەکی نوێ ڕوو بدات، ڕەنگە پاڵپشتیی بەرفراوان و سەرسوڕهێنەری ئەمریکا و سیستمە پێشکەوتووەکانی پێشووتری لەبەر دەستدا نەبێت و ئامادەکاریی زیاتری ئێران پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و مەترسیدار  بۆ ئیسرائیل دروست دەکات.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی لاریجانی و یەحیا ڕەحیم سەفەوی بە ئاشکرا باسیان لە درێژەدان بە شەڕ کردووە و جەختیان لەسەر ئامادەکاریی سەربازی کردووەتەوە، بێ ئەوەی گرینگی بە تێچووی مرۆیی، ئابووری و سیاسیی ئەو سیاسەتە مەترسیدارانەیە بدەن.

سیاسەتە شەڕەنگیزانەکانی ڕێژیم، گرینگیدان بە توانای نیزامی و هەڕەشە ناوچەییەکان، جارێکی دیکە نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە خەڵک و سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە لەپێناو ئامانجە ئیدیۆلۆژییەکانیدا بکاتە قوربانی و سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەکی گەورەوە.