
سێ ساڵ دوای جێبەجێکردنی یاسای ناسراو بە جەوانیی حەشیمەت و پشتیوانی لە بنەماڵە، ئەم یاسایە نەک تەنیا بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەت و گەشانەوەی حەشیمەتی بەدواوە نەبووە، بەڵکوو ئاسەواری قورس و قەرەبوونەکراوی بۆ کۆمەڵگە بە دوای خۆیدا هێناوە.
ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە لەدایکبوونی منداڵانی تووشبوو بە سەندرۆمی داون لە ئێران زیاتر لە ٢.٥ هێندە بەرز بووەتەوە و لەدایکبوونی ئەم منداڵانە لە یەک بە هەزاری هاوشێوەی ستانداردی جیهانییەوە گەیشتووەتە یەک بە ٧٠٠ لە ئێراندا و ئێستا ژمارەی سەندرۆم داونەکانی ئێران نزیکەی ١٢٠ هەزار کەسە.
ڕۆژنامەی شەرق لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر نووسیبووی کە ڕێگرییەکان لە بواری پشکنین و لەباربردن بەپێی ڕاسپاردەی پزیشکی، توانای بەرگریی لە بەرانبەر دووگیانبوونە مەترسیدارەکاندا لە بنەماڵەکان ئەستاندووە.
دایانەکان و ناوەندە بێهداشتییەکانیش بە شێوەی فەرمی لە خزمەتگوزاری لەمبارەوە و تەنانەت قسەکردن سەبارەت بەم بابەتە بەربەستیان بۆ دانراوە و جگە لەمەش، بڕگەی ٥٦ی یاسای ناوبراو بە سپاردنی بڕیاری کۆتایی بە کۆمیسیۆنە پزیشکییەکان و دادوەرەکان، مافی هەڵبژاردنی لە ژنان ئەستاندووە و ڕێڕەوی یاسایی کۆتاییهێنان بە دووگیانی بە کردەوە بەستراوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنە پزیشکییەکان، لە ئاکامی ئەم بەربەستانەدا، ڕێژەی سەردانی ژنانی دووگیان بۆ تاقیگەکانی پشکنین لە تاران بۆ ٢٠ هەتا ٣٠ لەسەد کەمی کردووە و لە پارێزگا پەراوێزخراوەکانیشدا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٥٠ لەسەد.
دوابەدوای ئەوە، ئاماری ئەو منداڵانەی کە بە تێکچوونە کرۆمۆزۆمییەکان لەدایک دەبن لە ١.٢ لەسەد پێش پەسەندکردنی یاساکەوە گەیشتووەتە ٢.٩ لەسەد.
کارناسان هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئیدئۆلۆژیک، بە بێ سەرنجدان بە ڕاستییە زانستی و کۆمەڵایەتییەکان، تێچووی قورسی دەروونی و ئابووریی بەسەر بنەماڵەکاندا سەپاندووە.
لەکاتێکدا کە ئامانجی سەرەکیی ئەم یاسایە، بەرزکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوونەکان بوو، ئێستا بە زۆربوونەوەی لەدایکبوونی ئەو منداڵانە کە نوقستانن، کۆمەڵگە بەرەوڕووی کێشەگەلێکی وەک پەرەسەندنی بازاڕەکانی لەباربردنی نایاسایی کە هەڕەشە لە تەندروستیی گشتی دەکەن بووەتەوە.