کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای ١٠ ساڵ بەندکران بۆ سەر سێ هاووڵاتیی شاری شنۆ

11:38 - 10 خەرمانان 2725

سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ با ناوەکانی یاسر شەریفیان، ڕەشید فەقێزادە و ئومید ئیبراهیمی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە سەرجەم بە ١٠ ساڵ بەندکران حوکم دران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان، دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری شنۆ، ئومید ئیبراهیمی و یاسر شەریفییانی بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان و بانگەشە بە دژی ئەمنییەتی ڕێژیم و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی"، بە ڕیز بە ٥ ساڵ و ٤ ساڵ بەندکران حوکم داون.
هەروەها ڕەشید فەقێزادە بەتۆمەتی "تێکدانی ڕای گشتی"، بە یەک ساڵ بەندکران لەلایەن ئەم دادگای ڕێژیمەوە حوکم دراوە.
ناوبراوان پێشتر و لە مانگەکانی بانەمەڕ و جۆزەردان لە بەندیخانەی شاری شنۆ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
ناوبراوان ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شاری شنۆ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرابوون.