
ئەسغەر جەهانگیر، جێگری کۆمەڵایەتی و پێشگرتن لە ڕوودانی تاوانەکانی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر، ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی ئەمنییەتی ڕەوانی کۆمەڵگا تێک دەدەن لە چوارچێوەی ئەرکە یاساییەکان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.
ناوبراو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی بە درۆکردن و سازکردنی دەنگۆ و بڵاوکردنەوەی درۆ تۆمەتبار کرد و ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەم کارانە ناهومێدی و نائەمنی لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکەنەوە.
جەهانگیر هۆشداریشی دا کە دەزگای بەناو دادوەری بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بەنیازن کۆمەڵگە نائەمن بکەن، چ لە فەزای ڕەوانی و چ لە فەزای ڕاستیدا ڕێکاری یاسایی دەگرێتە بەر.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لە پێوەندی لەگەڵ مێکانێزمی ماشەدا ڕاسپاردوون کە لە ڕاستای ئەو شتەی کە بە ''پووچەڵکردنی پلانی دوژمن'' ناوی بردووە، هەنگاو بنێن.
ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەر، ڕایگەیاند کە لە پێوەندی لەگەڵ هەواڵی چالاکبوونی مێکانیزمی ماشە، دۆسییەی یاسایی لە دژی ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە لە تۆڕە کۆمەلایەەتییەکاندا کاردنەوەیان نیشان داوە.
هەڕەشەی ڕاستەوخۆ له به کارهێنەران و ڕۆژنامەنووسان بەشێک لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی زانیاری و پێشگرتن لە ڕوونکاری لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێرانە.
گوشارخستنەسەر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سنووردارکردنی ڕەخنە و زانیاریی سەربەخۆ و هەڕەشەکردن لە ئەمنییەتی ڕەوانی کۆمەڵگە جارێکی دیکە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا بەرەوڕووی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکان بەڵکوو بەرەوڕووی قەیرانی متمانەی نێوخۆییش بووەتەوە.