کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگوتاریی ژنان

20:01 - 7 رەزبەر 2725

ئاسۆ مینبەری

سێ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی ژینادا تێدەپەڕێ. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و بە کاریگەری‌وەرگرتن لە شۆڕشی ژینا کە بە شەهیدبوونی ژینای بێتاوان و هاتنە مەیدانی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵێک ڕووداوی جیاواز و لە هەمان کاتدا پڕبایەخی ئەزموون کرد. هەر لە سەرهەڵدانەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچییەوە بگرە هەتا شەهیدبوونی سەدان کەس لە خۆپیشاندەران و وتە جوان و پڕ لە ورەکانی بنەماڵەی شەهیدان و بە سەدان ڕووداوی دیکە. شۆڕشی ژینا لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی لە کۆمەڵگەدا پێک هێنا و بوو بە هۆی ئەوەی کە لایەنێکی دیکە لە خەبات لە کوردستان خۆی نیشان بدات.

پاش سێ ساڵ لە سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە، خەسارناسیی شۆڕشەکە و دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەتوانێ بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو زیاتر یارمەتیمان بدات.

ئەوەی لەم وتارەدا جێگا دەگرێ ئاوڕدانەوەیەکە لە پرسی ژنان، چونکە لەم شۆڕشەدا لایەنە تایبەتەکانی شۆڕشەکە کە پێوەندیی بە بەستێنی سیاسیی ئەوکاتی کۆمەڵگە و هەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی هەیە، بابەتێکی گرینگە کە جێی تێڕامان و وربوونەوەی زانستییە.

دۆخی ژنان لە کوردستان پێش شۆڕشی ژینا و دوای شۆڕشی ژینا گۆڕانی زۆری بەسەردا هات بەڵام ئەمە نابێ ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە ئێمە خاڵە بەهێزەکانی ئەم پرسە پێش شۆڕشەکە لەبیر بکەین.

پێش دەسپێکی شۆڕشی ژینا، ئەگەرچی کۆمەڵگەی کوردستان وەک هەمیشە لەژێر کاریگەری و سەرکوتی سیستماتیکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بوو، بەڵام ژنان بە شێوازی جیاواز هەوڵیان دەدا، بوونی خۆیان لە مەیدانی کردەوەدا بسەلمێنن. بە دەیان ڕێکخراو و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە شارەکانی کوردستان دامەزران و کاریان کرد کە بەشێکی بەرچاوی ئەندامان و دامەزرێنەرانیان ژنان بوون و بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی بەرانبەر بە دۆخی کۆمەڵگە و ژیانی خۆیان و نەوەی داهاتوو، لەو ڕێگەیەوە هەوڵیان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەدا. هاوکات لەگەڵ ئەمە سەرکوتکارییەکانیش لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوام بوو و بە دەیان ژنی ئازا و تێکۆشەری کوردستان، بە تۆمەتی بێبنەما ڕەوانەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی کران تاکوو دەنگی مافخوازییان کپ بکرێت. لەو کاتەدا ئەو ژنانە پێشەنگایەتیی کۆمەڵگەیان دەکرد و بە چوونی خۆیان بۆ بەندیخانە و بە بەخشینی هیوا بە دەوربەرییەکانیان ئەو پەیامەیان دەگەیاند کە سووچی زیندانیان قوتابیخانەیە!

بە دەسپیكی شۆڕشی ژینا، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی دروست بوو، ژنانی دیکە لە بینەربوونەوە بوون بە ئەکتەری سەرەکیی خەباتەکە و ئەمجارە ئەوە خۆیان بوون کە پێشەنگایەتیی خەباتیان دەکرد و بەرانبەر بە سەرەڕۆیی ڕاوەستابوون. هەواڵ و زانیارییەکان و بەتایبەت ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە سەردەمی شۆڕشەکە ماونەتەوە نیشانمان دەدەن کە ژنان لەو خەباتەدا لە ڕۆڵی جیاوازدا پێشەنگایەتیی خەباتەکەیان لە ئەستۆ گرت و مانیفیستی شۆڕشەکەیان نووسیەوە. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمانە، کۆمەڵێک بابەتی دیکەش هەیە کە وەکوو خەسار دەبێ بوروژێنرێن تاکوو وانەیان لێ وەربگیرێ و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدرێت.

لە پێش شۆڕشی ژینادا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە ژنان، لە ئاستێکی مەترسیداردا بوون، بەڵام لە قۆناغی شۆڕشەکەدا ئەم جۆرە دیاردانە ڕوویان لە کزی ناوە و بە وتەی کارناسان و پسپۆڕانی بوارە پێوەندیدارەکان، گەڕانەوەی هیوا بە ژیان و هیواداربوونی خەڵک بە گۆڕانی بنەڕەتی لەلایەک و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵ و ئەرکی ژن لە کۆمەڵگە کە لە ڕەوتی شۆڕشەکەدا هاتە ئاراوە، لە لایەکی دیکەوە وای کرد ئەم جۆرە دیاردانە کەم ببنەوە. بەڵام لە دوای دامرکانەوەی شۆڕشەکە، ئەو دیاردانە دیسان سەریان هەڵدایەوە و کۆمەڵگەیان تەنی و ڕۆژ نییە هەواڵێکی دڵتەزێن لە ژنکوژی و خۆکوژییەکانی ژنان تایبەت لە کوردستان بڵاو نەکرێتەوە.

ئەم پرسە گرینگە، چونکە دەبێ بە وردی کاری لەسەر بکرێت و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردانە بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و وڵامێکی زانستییان بۆ بدۆزرێتەوە.

ڕەنگە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خەسارەکانی دوای شۆڕشی ژینا لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی ژناندا، بۆشاییەک بووە کە ژنان و بەتایبەت چالاکانی  بواری ژنان لە درووستبوونیدا تاوانبارن چونکە ئەم شۆڕشە بە پێچەوانەی هەموو بزووتنەوە و ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران لەسەر خاڵێک ڕاوەستابوو کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژنانەوە بوو؛ کوژرانی کچێک لە پێتەختی ویلایەتی فەقێدا! لێرەدا بوو کە بەریەکەکەوتنی ئیدئۆلۆژیی زاڵ لە باری سیاسی و کۆیلە و ملکەچکردنی ژنان لەلایەن دەسەڵاتەوە کەوتبووە ژێر تەوژمی ناڕەزایەتیی گشتییەوە و ژنان ناوەندی ڕووداوەکە بوون، کەوایە پێویست بوو ژنان هەر لە سەرەتاوە خاوەندارێتی لە شۆڕشەکە بکەن و نەهێڵن دەسکەوتەکانی شۆڕشەکە بۆ ژنانی چەوساوە و سەرکوتکراو بەفیڕۆ بچێت.

پێویست بوو لە دوای دامرکانەوەی شۆڕشەکە، هەوڵەکان زیاتر پەرە بستێنن و هەوڵ بۆ ڕێکخستنی ژنان بدرێت تاکوو بتوانن خۆیان بۆ قۆناغەکانی دواتر ئامادە بکەن. لە پێوەندییەدا، ئەگەرچی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە هەندێ بابەتدا جیاوازیی بیرکردنەوەیان هەبوو و نەکرا یەکگرتووییەک پێک بێت، بەڵام دەکرا ژنان لە ڕێکخراوەکانی ژنانی حیزبە سیاسییەکان بە گرینگیدانی زیاتر بە پرسی ژنان، هاودەنگییەک پێک بێنن و بتوانن کار لەسەر پرسەکای ژنان و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ژنان لە شۆڕشی ژینادا بکەن. ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر شۆڕشی ژینادا تێدەپەرێ با خۆمان بەرەوڕووی ئەم پرسیارە بکەینەوە کە چ هەنگاوێکی ئەرێنیی بەکردەوەمان بۆ ژنان و باشتربوونی دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگرت و چۆن ئەتوانین خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشان بکەین و بە کردەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدەین.

یەکگرتوویی و یەکگوتاریی ژنان بەرانبەر بە دەسەڵاتی زاڵی پیاوسالاری خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی، خاڵێکی گرینگ و جێی بایەخە کە لەم پێناوەدا دەبێ گرینگیی زیاتری پێ بدرێت.