کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە پیلانەکانی دژی لاوانی کورد بەردەوامە

10:10 - 8 رەزبەر 2725

لە دریژەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم بۆ ناوزڕاندن و بێتمانەکردنی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لاوان بەرانبەر بە یەکتر، دەست بەسەر مۆبایلی لاوێکی کورددا گیراوە و کەڵکی نابەجێی لێ وەرگیراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئەماکنی میاندواو پاش بانگکردنی لاوێکی کورد، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و وێنە و بابەتی نەشیاویان تێدا بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەیووب ڕەحمانی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی برایم ئابادی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، پاش بانگکران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی میاندواوەوە، دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و نووسراوەی سووکانە دژی ڕێبەرانی کورد یان نووسراوە بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی کردووە.

ئەیووب ڕەحمانی بە بێ بەڵگەی یاسایی بانگی ئەماکنی میاندواو کراوە و پاش بێڕێزیی زۆر لەلایەن بەرپرسی ئەم ناوەندە کە کەسێک بەناوی "ڕەحیمی"یە ئازاد کراوە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە. پاش دەستڕاگەیشتنی هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەژماری ئینستاگرامی ناوبراو، بابەتی سووکانە لەم هەژمارەدا بڵاو کراوەتەوە بە جۆرێک کە وا نیشان بدرێت کە ناوبراو لە کەسانی سەر بە ڕێژیمە.

ئەیووب ڕەحمانی پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە بەڵام مۆبایلەکەی لەلای هێزەکانی ڕێژیم ماوەتەوە .

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤، لاوێکی دیکەی خەڵکی هەمان گوند بە ناوی فەرزاد بەرجستە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئەماکنی میاندواوەوە دەسبەسەر کرا و دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیرا.

بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی بێڕێزیکردن بە ڕێبەرانی کورد و بەتایبەت ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، بابەتی سووکانەیان لە ئینستاگرامی ناوبراویشدا بڵاو کردبوویەوە.