کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ئیسرائیل ئاگاداری شوێنی ڕاگرتنی ٤٥٠ کیلۆ لە ئۆرانیۆمی پێتێندراوی ئێرانە

10:14 - 8 رەزبەر 2725

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئاگاداری شوێنی ڕاگرتنی ٤٥٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەدی ڕێژیمی ئێرانە.

بێنیامین نێتانیاهوو، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر  لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیووز" ڕایگەیاند کە زانیاری دروستی لە  شوێنی ڕاگرتنی ٤٥٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران هەیە و ئەو زانیاریانەشی ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە.

نێتانیاهوو وتوویەتی کە ئیسرائیل پێش لە هێرشی مانگی ژوئەن دەیزانی کە ئەو ئۆرانیومە پاشکەوتکراوە لەناو ناچێت و ئامانجیان لە دوایین هێرشە نیزامییەکان، بەرتەسککردنەوەی توانایی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی زیاتر و پێشگرتن لە هەوڵدان بۆ بەچەککردنی بووە.

نێتانیاهوو هەروەها گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێرانی بە هەوڵێکی ئەرێنی زانی و جەختی لەسەر ڕاگرتنی گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هیچکات دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بە مەبەستی لەناوبردنی وڵاتەکەی قەبووڵ ناکات.