
دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەر، دوای کردەوە هاوشێوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا، دەیان کەس و ناوەندی پەیوەندیدار بە کەرتی وزە و پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی بریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، چەند کەس و ناوندی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەوانە وەزارەتی وزە و وەزارەتی نەوتی ئێران بۆ لیستی گەمارۆکان زیاد کران.
هەواڵدەریی فەرانسە بە پشتبەستن بەو بەیاننامەیە بڵاوی کردەوە، لەندەن لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی گەمارۆ دژی ئێران سزای بەسەر ٩ کەس و ٦٢ ناوەند و دامەزراوەدا سەپاندووە.
ئەم گەمارۆیانە بریتین لە ''بلۆککردنی دارایی و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە بڵاوبوونەوە یان پەرەپێدانی چەکی ناوکی لە ئێران کردووە، یان هەر چالاکییەک کە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەپێدانی چەکی ناوکی لە ئێران یان بۆ بەکارهێنان لە ئێران''.
ئەو کەسانەی کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی بریتانیا، ئێستا تووشی بلۆکەکردنی دارایی و سنووردارکردنی دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردن دەبن.
یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە گەمارۆکانی خۆی بەهۆی چالاکییە ناوکییەکان بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاندەوە، کە جگە لە گەمارۆی بازرگانی، دارایی و چەک و بەستنی دارایی بانکی ئێران، سزاکانی سەر دامەزراوە و کەسایەتی و قەوارە یاساییەکانیش دەگرێتەوە کە پێش لە ڕێکەوتنی بەرجام گەمارۆیان لەسەر بوو.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە ئەم بڕیارە کە دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە و دوابەدوای بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درێژنەکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران جێبەجێ کراوە.