
وڵاتی ژاپۆن ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە، دوابەدوای بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان، هەموو کۆت و بەندەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران وەگەڕ دەخاتەوە.
یوشیماسا هایاشی، بەڕێوبەری کابینەی ژاپۆن، دۆخی ئێستای بە "کاتێکی گرینگ" ناو برد و وتی، هەرچەندە تۆکیۆ جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکات بەڵام لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێننامە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئێرانەوە، پابەندی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن له بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە: ئاشتی و سەقامگیری له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پاراستنی پێکهاتەی نێونەتەوەیی بۆ ژاپۆن پێویستە و ئەو وڵاته بڕیارەکانی شۆرای ئەمنییەت بەبێ کەموکۆڕی جێبەجێ دەکات.
لەو چوارچێوەیەشدا ژاپۆن داراییەکانی ٧٨ ناوەند و ٤٣ کەسی سەر بە کۆماری ئیسلامی بلۆکر کردووە؛ هەوڵێک کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ تۆڕە داراییەکان و پشتیوانە سیاسییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکاتە ئامانج.
بڕیارەکەی ژاپۆن هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، ئەوە نیشان دەدات کە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیم تێچووی ڕاستەوخۆ بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت و هەژاری، هەڵاوسان، کۆت و بەندە ئابوورییەکان و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کەڵەکەبوون و پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ڕێژیمە.