
کۆبوونەوەی دەورەیی کۆڕی گشتیی " هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران" بۆ ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی ڕەزبەر لە پاریسی پێتەختی فەرانسە بە بەشداریی زۆرینەی ڕەهای شاندەکانی حیزب و ڕێکخراوە ئەندامەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.
لەم دیدارەدا کە لە کەشێکی بنیاتنەر و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو، بەشداربووان لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆیان کرد و بڕیاریان دا کە بریتی بوون:
١. بەڕێوەبردنی جیاوازی لە هەڵوێستە سیاسییەکان بە پشتبەستن بە "یادداشتنامەی پازدە مادەیی"؛
٢. چاکسازی لە پێکهاتەی کارگێڕی بۆ زیادکردنی کارایی چالاکییە ناوخۆییەکان؛
٣. داڕشتنی پلانی کار بۆ ساڵی داهاتوو هاوپێچ لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستای ئێران.
ئەندامانی ئەو کۆڕە بە جەختکردنەوە لەسەر بارودۆخی هەستیاری ئێستای وڵات، ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای ٤٦ ساڵ لە حوکمڕانیی ستەم و گەندەڵی و دوابەدوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ''ژن، ژیان، ئازادی''، کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین حاڵەتی خۆی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودایە. بەڵام نەبوونی بەدیلێکی جەماوەریی گشتگیر ڕێگەی داوە ڕێژیم لە مانەوەی خۆی بەردەوام بێت.
'' هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران'" لە بەیاننامەی کۆتایی خۆیدا، جارێکی دیکە جەختی لە سنووردارکردنی هەر بەدیلێک کە لە دەرەوەی وڵاتەوە سەپێندرێت، کردەوە و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بە مافی تایبەتی خەڵکی ئێران زانی.
ئەو هاوپەیمانییە ڕایگەیاند کە ئامادەی هاوکاری و یارمەتی هەموو هێزە ئازادیخوازەکان بۆ گەیشتن بە سیستمێکی دێموکراتیک و ئازادە کە تێیدا مافی توێژ و چینە جیاوازەکان، ڕەگەزی، کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ئێراندا دەستەبەر بکرێت.