کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی خێرای سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن

16:15 - 8 رەزبەر 2725

ڕۆژی دووشەممە ٧ ڕەزبەر، کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و هۆشدارییان دا کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا زیاتر لە هەزار کەسی لەسێدارە داوە و خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو ئێعدامەکان بوون.

لە بەیاننامەکەی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێراندا سەرسووڕهێنەرە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژیانە، لە ڕۆژێکدا زیاتر لە نۆ حاڵەتی لەسێدارەدان جێبەجێ کراون و ئێران بە جۆرێک ئەم سزایە جێبەجێ دەکات کە  لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێ.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە سەرەتای ژانویەی ٢٠٢٥ـەوە لانیکەم هەزار حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە و زۆربەیان پێوەندییان بە سزای ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنەوە هەیە، ئەوانی تر بە تۆمەتی سیاسی و دەستدرێژی سێکسییەوە لە سێدارە دراون.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لە لەسێدارەدانی لانیکەم ١٠ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل کردووە.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە فەرمی هەموو ئێعدامەکان ڕابگرێت و داتای ڕوون سەبارەت بە سزاکان بخاتە ڕوو و پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بپارێزێت و مامەڵەی مرۆڤانە لەگەڵ بەندکراوان بکات.

ئەوان بە ئاماژە بە پێداچوونەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە مەجلیسی ڕێژیمدا، ئەم کاتەیاان بە دەرفەتێکی گرینگ بۆ ڕاگرتنی ئێعدامەکان زانی.

ئەم شارەزایانە هۆشدارییان دا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە سیستماتیکانەدا بێدەنگ بێت و بۆ وەستاندنی شەپۆلی لەسێدارەدان هەنگاوی دیپلۆماسی ئاشکرا لەلایەن حکوومەتەکانەوە پێویستە.

مای ساتۆ، ڕیپۆرتنێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی مافی مرۆڤی ئێرانی بە شێوەیەکی نیگەرانکەر وەسف کردبوو و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکانی ئێران لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە ڕووبەڕووی سەرکوتی سیستماتیک و بەربەستی زۆر بوونەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ئێستادا زیاتر لە ١٧٠ بەندکراو بە تۆمەتی سیاسی یان گشتی، مەترسیی دەرکردن یان جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیان لەسەرە.